پەتای ڤێكساس چییە و بۆچی پیاوان زیاتر تووشی دەبن؟

:: PM:08:35:02/02/2023 ‌

هاوكات لەگەڵ بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا، زانایان لە 2020 شێوانێكی بۆماوەییان دۆزییەوە و ناویان نا شێوانی ڤێكساس، كە زیاتر تووشی پیاوان دەبێت، تووشی هەوكردن و كێشەی خوێنیان دەكات و دوای چەند ساڵێك دەمرن.

یەكێكە لە نەخۆشییەكانی سیستمی بەرگری لەشە و زیاتر تووشی پیاو دەبێت، كەسی تووشبوو لە ماوەی پێنج ساڵ گیان لەدەست دەدات، هۆكارەكەی شێوانێكە لەسەر كرۆمۆسۆمی ئێكس، واتە هەوكردنێكی پێوەستە بە خودی لەش بەهۆی ئەنزیمی " E1"ی كە بە كرۆمۆسۆمی Xەوە بەستراوەتەوە، بەو پێیەی پیاوان تەنیا دانەیەكیان لەو كرۆمەسۆمە هەیە، بۆیە كاریگەری شێوانەكە لەوان بەهێزترە. 

لە نیشانەكانی، تا و كەمبوونەوەی رێژەی ئۆكسجینی خوێن و هەوكردنی رۆماتیزمی جومگەكان و نەخۆشی گورگە و شێرپەنجەی خوێنە، ئەو پەتایە زیاتر لە ئەمەریكا هەیە و كەسێك لە نێوان 13500 كەس لەو وڵاتە ئەگەری هەیە تووشی بووبێت، زۆرینەی ئەوانەی تووشی دەبن پیاوی بەتەمەنن و پەتاكەش ناگوازرێتەوە.

توێژینەوەی تر دەڵێن كەسێك لە چوار هەزار كەس لە دوای تەمەنی 50 ساڵ ئەگەری تووشبوونی بەو پەتایە هەیە، لە نیشانەكانی تری خوران و كۆكە و هەناسەتەنگی و ئاوسانی سك و كەمخوێنی و هەڵاوسان و ئازاری گوێ و لووت و جومگەكان و خوێن مەیین و هەستكردن بە ماندوێتی و داهێزرانە.

بەپیچی هەندێك توێژینەوە ژنانیش ئەگەری توشوبوونیان هەیە، بەڵام كەمتر لە پیاوان، بە شێوەیەك ژنێك لە 26 هەزار ژن لە دوای تەمەنی 50 ساڵ ئەگەری تووشبوونی هەیە، نەخۆشییەكە بەرە بەرە مەترسیدارتر دەبێت، كێشەی گەورە ئەوەیە كە زۆرینەی پزیشكان زانیاری وردیان لەبارەوەی نییە و ناتوانن لە نیشانەی نەخۆشی تر جیای بكەنەوە، بەدەر لەوەش تا ئێستە چارەسەری بنبڕی نییە، تەنیا نیشانەكانی سووك دەكرێت.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل