دوایین زانیاری لەبارەی بودجەی 2023ی عێراقەوە

:: PM:11:14:02/02/2023 ‌

چەند مانگێكە وەزارەتی دارایی عێراق سەرقاڵی ئامادەكردنی پڕۆژەیاسای بودجەی 2023ی عێراقە، بەهۆی گۆڕانكارییەكان و ململانێی هێزە سیاسییەكان و زۆری بەڵێنی حكوومەت و كارنامەكەی نەتوانراوە پڕۆژەكە ئامادە بكرێت، ئەندامێكی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق دوایین زانیاری لەوبارەوە ئاشكرا دەكات.

موعین كازمی، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق گوتی، دەبوایە ئامادەكردنی پڕۆژەیاسای بودجە لە نێوان هەردوو وەزارەتی دارایی و پلاندانان بە هەردوو بەشی بەكارخستن و وەبەرهێنانەوە تەواو بكرایە و رەوانەی ئەنجوومەنی وەزیران بكرایە، لەوێ چەند كۆبوونەوەیەكی لەبارەوە ئەنجام بدرایە و گۆڕانكاری لەسەر بكرایە.

روونی كردەوە، قەبارەی بودجەكە گەیشتووەتە 149 ترلیۆن دینار، لەوكاتەی ئەوەی پلانی بۆ دانراوە 200 ترلیۆن دینارە، لە بودجە ژمارەی فەرمانبەران دەگاتە چوار ملیۆن، ئەوەش بەهۆی زیادبوونی دامەزراندن لە بودجەكە.

بەپێی قسەی ئەو پەرلەمانتارە، چاوەڕوان دەكرێت ئەم هەفتەیە پڕۆژەكە بگاتە پەرلەمانی عێراق، كە لەدوای پێكهێنانی لیژنەی دارایی ئامادەیە بۆ وەرگرتنی، بۆیە هیوادارین لە مانگی شوبات تاوتوێكردن و یەكەم و دووەم خوێندنەوەی تەواو بكرێت و حكوومەت لە مانگی ئاداری داهاتوو جێبەجێی بكات.

"لە بودجە نرخی بەرمیلێك نەوت بە 65 دۆلار دانراوە، ئەوەش ژمارەیەكی باشە، عێراق رۆژانە 3.5 ملیۆن بەرمیل نەوت هەناردە دەكات و نرخی دۆلاریش لە یاساكە بە 1450 دینار دانراوە، واتە داهاتی نەوت دەگاتە 129 ترلیۆن دینار، بە زیادكردنی پارەی باج و گومرگ دەگاتە 149 ترلیۆن دینار، بەڵام هێشتا جیاوازی ئەو ژمارەیە لەگەڵ ئەو ژمارەیەی دانراوە 50 ترلیۆن دینارە، كە ئەوەش كورتهێنانە و پێویستە بە قەرز پڕ بكرێتەوە"، پەرلەمانتارەكەی عێراق باسی كرد.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل