نەوت نزمترین نرخی لە سێ هەفتەی رابردوودا تۆمار کرد

:: PM:02:42:03/02/2023 ‌
ماوەی سێ رۆژە بەهای نەوت لە بازاڕەکانی جیهانی رووی لە دابەزین کردووە و نزمترین نرخی لە ماوەی سێ هەفتەی رابردوو تۆمار کردووە.

به‌گوێره‌ی dailyfx نرخی هه‌ر به‌رمیلێك له‌ نه‌وتی برێنت گه‌یشتووه‌ته‌ 81 دۆلار و 87 سه‌نت، له‌ كاتێكدا سێ رۆژ لەمەوبەر لە سەرووی 86 دۆلار دەفرۆشرا. تەنیا لە یەک هەفتەدا نەوت 5% لە بەهای خۆی لەدەست داوە و هاوكات نرخی نه‌وتی تێكساسی ئه‌مه‌ریكاش بە هەمان رێژە دابەزیوە و ئێستە هەر بەرمیلێکی بە 75 دۆلار و 67 سەنت دەفرۆشرێت.

گرنگترین هۆکاری دابەزینی نرخی نەوت بۆ کاریگەرییەکانی بەرزبوونەوەی رێژەی هەڵاوسان و دواجار سستبوونی ئابووری وڵاتان دەگەڕێتەوە، هەرچەندە ئەمەریکا لە پلانیدایە بەرزکردنەوەی رێژەی سوودی بانکی بوەستێنێت بەڵام وڵاتانی تری گەورەی جیهان هێشتا سوورن لەسەر بەرزکردنەوەی رێژەی سوودی بانکی و وەک رێکارێک بۆ کۆنترۆڵکردنی هەڵاوسان بەکاری دەهێنن.

چاوەڕوانی ئەوە دەکرێ رەوتی دابەزینی بەهای نەوت زۆر درێژە نەکێشێت


ماوه‌یه‌كه لە ئەمەریکا و تەنانەت ئەوروپاش‌ رێژه‌ی هه‌ڵاوسان رووی له‌ دابه‌زین كردووه‌ و چاوەڕوانی ئەوە دەکرێ رەوتی دابەزینی بەهای نەوت زۆر درێژە نەکێشێت و لە هەفتەکانی داهاتووەوە دووبارە بەرز ببێتەوە.

به‌های نه‌وت له‌ نیوه‌ی دووه‌می شوباتی ساڵی 2022ه‌وه‌ له‌گه‌ڵ ده‌ستپێكی جه‌نگی ئۆكراینا، به‌ رێژه‌یه‌كی به‌رچاو هه‌ڵكشا و به‌گشتی له‌ زۆربه‌ی مانگه‌كانی ساڵی رابردوودا، نه‌وت له‌ سه‌رووی 90 دۆلار فرۆشرا و هه‌ندێك هه‌فته‌ سه‌رووی 130 دۆلاریشی تۆمار كرد، به‌ڵام له‌ كۆتاییه‌كانی ساڵ بۆ خوارووی 85 دۆلار دابه‌زی و لە سەرەتای ئەمساڵی زاینیشەوە لە سەرووی 80 دۆلار فرۆشراوە.


وشە - سلێمان تاشان