CIA: شەش مانگی داهاتوو بۆ ئۆکراینا چارەنووسساز دەبێت

:: PM:03:22:03/02/2023 ‌
سەرۆکی دەزگای هەواڵگری ناوەندیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە دوایین لێدوانیدا چەندان دۆسیەی هەستیاری نێودەوڵەتی هەڵدایەوە، لەوانە رایگەیاندووە شەش مانگی داهاتوو بۆ شەڕی ئۆکراینا چارەنووسساز دەبێت.

کەناڵی سی بی ئێس، نیۆزی ئەمریکی لەزاری ویلیام بێرنز، سەرۆکی دەزگای هەواڵگری ناوەندی ئەمریکا رای گەیاندووە  ''لەو بڕوایەدام سەرۆکی رووسیا گرەو لەسەر ئەوە دەکات، دەتوانێ بۆ خۆی کات بکڕێت و ئێمە زیاتر سەرقاڵ بکات، بەڵام بابەتی سەرکی و ستراتیجی ئەوەیە شەش مانگی داهاتوو بۆ ئەم شەڕە زۆر گرنگە، دەتوانین بڵێین شەش مانگی داهاتوو بۆ ئۆکراینا بابەتی مان و نەمانە.''

ئەو هەروەها باسی لەوەش کردووە تێکشکاندنی لووتبەرزی و متمانە بە خۆبوونی درۆیینەی ڤلادیمیر پوتین دەریخست ئەو نەک ناتوانێ پێشڕەوی سەربازی زیاتر لە ئۆکراینا بکات، بەپێچەوانەوە کات هەرچی زیاتر تێدەپەڕێت مەترسی ئەوەشی بۆ دروست بووە ئەو خاکانە لەدەست بدات وا بە نایاسایی لە ئۆکراینا داگیری کردوون. ئەزموونی چەند مانگی رابردوو لە رۆژهەڵات و باشووری ئۆکراینا ئەم راستییە دووپات دەکاتەوە.

مۆسکۆ و پوتین هیچ خواستێکی راستەقینەیان بۆ دانوستانی ئاشتی نییە


بێرنز بانگەشەی ئەوەشی کردووە مۆسکۆ و پوتین هیچ خواستێکی راستەقینەیان بۆ دانوستانی ئاشتی نییە و لەم بوارەدا رژدبوونیان پێوە دیار نییە، ئەوان تەنیا وەکوو بابەتی تەکتیکی بۆ کرێنی کاتی زیاتر لە دانووستان دەڕوانن.

ئەم لێدوانەی سەرۆکی دەزگای هەواڵگری ئەمریکا لە کاتێک دایە بەرپرسانی باڵای ئۆکراینا بانگەشەی ئەوە دەکەن رووسیا خەریکی خۆ ئامادەکردنە بۆ ئەوەی پەلاماری بەرفراوانی رۆژهەڵاتی ئۆکراینا بداتەوە.

ئەلێکسی رۆزنیکۆڤ وەزیری بەرگری ئۆکراینا لەم بارەیەوە گوتوویەتی بەپێی زانیارییەکان رووسیا نیو ملیۆن هێزی کۆ کردووەتەوە و خەریکی پڕچەککردن و ئامادەکردنی ئەو هێزانەیە بۆ ئەوەی لە رۆژانی داهاتوودا سەرلەنوێ پەلاماری وڵاتەکەمان بدەنەوە. 

بەپێی قسەکانی رۆزینکۆڤ ئەگەری ئەوە هەیە لە یەکەم ساڵوەگەڕی ئەم شەڕەدا واتە 24ی شوبات رووسیا دەست بکاتەوە بە هێرشکردنی بەرفروان بۆ سەر رۆژهەڵاتی ئۆکراینا. رۆزنیکۆڤ ئاماژەی بەوە کردووە رووسیا خۆی باس لە بوونی 300 هەزار سەربازی نوێ دەکات لەسەر سنوورەکان، بەڵام ئەوان بە وردی چاودێری جموجۆڵ و بوونیان دەکەن و بۆیان دەرکەوتووە ژمارەکە زۆر لە 300 هەزار زیاترە و ئەگەری هەیە نزیک بن لە 500 هەزار سەربازەوە. ئەمە وایکردووە ئۆکراینا سەنگەرەکانی بەرگری خۆی قایمتر بکات و بۆ هەموو ئەگەرێکی چاوەڕواننەکراو ئامادە بێت.

برێنز هەروەها لە بەشێکیتری قسەکانیدا ئاماژەی بەوە کردووە رێکخراوێکی بەکرێگیراو بەناوی ڤاگنێرهەیە گومانیان لەوە نییە رووسیا پاڵپشتیان دەکات، ئەم رێکخراوە ئێستە خەریکی پەلهاویشتنە لە ژمارەیەک لە وڵاتانی ئەفریقی لەوانە مالی و بۆرکینا فاسۆ.

ئەو گوتیشی ''ئەم پەلهاویشتنە زۆر مەترسیدارە و ئێمە هەوڵ دەدەین بەرپرچیان بدەینەوە و سنووریکیان بۆ دابنێین، لەبەر ئەوەی ئەم بابەتە دەتوانێ هەموو کیشوەری ئەفریقا تووشی هەڕەشە و ناسەقامگیری بکات. ئەمەریکا زۆر دژی ئەم سیاسەتەیە و نایەوێ لە شوێنی تر پەرە بە ناسەقامگیری بدرێت''.

ڤیلیام برێنز لە بەشێکی تری گوتەکانیدا باسی لە وڵاتی چین کردووە. چین لە ماوەی چەند دەیەی رابردوو گەورەترین ئاڵنگاری جیۆپۆلیتیکی ئەمریکا بووە.  شی جین پینگ سەرۆکی چین کەسێکی زۆر بەرزەفڕ و فراوانخوازە، بەڵام هێشتا زۆر شانازی بەخۆیەوە ناکات ئەوەیش لەبەر کارنامەکەیەتی. ئەو لە ناوخۆدا چەندان ئاڵنگاری تەنگیان پێهەڵچنیوە لەوانە سیاسەتی نەهێشتنی کۆڤید نۆزدە و بارگرژی ئابووری. ئەگەرچی دەتوانێ بۆ ساڵانی داهاتوو ئەم ئاڵنگارییانە کاڵ بکاتەوە، بەڵام لەم چەند ساڵەی دواییدا لاوازییەکی بێ وێنەی پێوە دیار بووە.

پێدەچێت لە کار و کرداری لاوازی رووسیا ناڕازی بێت


بەگوتەی سەرۆکی سی ئای ئەی، شی لە کاتێکدا لە نزیکەوە چاودێری ئەزموونی پوتین لە ئۆکرینا دەکات پێدەچێت لە کار و کرداری لاوازی رووسیا ناڕازی بێت و هەر ئەمەش شپرزە و نیگەرانی کردووە بەڵام سەرەڕای ئەم راستییە تاکوو ئێستە پابەند بووە بە هاوبەشی هەر دوو وڵات. ئەو هاوبەشییەی لە ساڵی رابردوو رایانگەیاند.

برێنز لە کۆتاییدا باسی لەوەش کردووە زانیارییە هەواڵگرییەکانی ئەمریکا ئەوە دەردەدخات سەرۆکی چین فەرمانی بە سوپای رزگاریخوازی وڵاتەکەی کردووە خۆیان ئامادە بکەن بۆ ئەنجامدانی هێرشێکی سەربازی سەرکەوتوو بۆ سەر\ تایوان لە ساڵی 2027دا. هەرچەند ئەم فەرمانە ئەوە ناگەیەنێت سەرۆکی چین نیازی ئەوەی نییە تا ساڵی 2027 پەلاماری تایوان نەدات، بەپێچەوانەوە ئەمە دەتوانێ پیشاندەری باری سەرنج و فراوانخوازی ناوچەیی ئەو بێت.

سەرچاوە: سی بی ئێس نیوز CBS News

وەرگێڕانی: ئارام وەڵەدبەگی



وشە - تایبه‌ت