پەروەردەی پێنجوێن بڕیاری دا بە كەمكردنەوەی دەوامی قوتابیان و مامۆستایان، هۆكارەكەشی بۆ بوونی بەستەڵەك و بەفرێكی زۆر دەگەڕێنێتەوە.
ئەمڕۆ شەموو چواری شوبات، لە راگەیەنراوێكی بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەی پێنجوێندا هاتووە، بەهۆی بوونی سەهۆڵبەندان و سەرما و سۆڵەیەكی زۆر لە سنوورەكە، بۆ ماوەیەكی كاتی دەوامی سەرجەم ناوەندەكانی خوێندن لە سەنتەری پێنجوێن و هەردوو شارەدێی گەرمك و ناڵپارێز و گوندەكانی دەوروبەری گۆڕا.
باس لەوەش كراوە، دەوامی بەیانیان سەعات نۆی بەیانی تا 12ـی نیوەڕۆ دەبێت، دەوامی دوای نیوەڕۆیان لە سەعات یەك بۆ سەعات چوار دەبێت.
كەمكردنەوەی دەوام لە كاتێكدایە هەفتەی رابردوو بەهۆی باران و بەفرێكی زۆر، لە چەند پەروەردەیەكی تر كرایە پشوو و بۆ یەك ڕۆژ دەوام راگیرا.
ئێستە بەفرێكی زۆر لە سنووری پێنجوێن باریوە، پێشبینی دەكرێ ئەمشەو پلەكانی گەرمی دابەزێت بۆ -7، ئەمەیش وا دەكات شەختە و ساردییەكی زۆر لە رێگەوبانەكان هەبێت.