كۆرپه‌یه‌ك دایكی و پزیشكان سه‌رسام ده‌كات

:: PM:03:32:04/02/2023 ‌

ئافره‌تێكی ئه‌مه‌ریكی به‌ ناوی ڤیۆلێت كویك له‌ ویلایه‌تی ئیداهۆی سه‌ربه‌ ئه‌مه‌ریكا، دوای ئه‌وه‌ی ڕێگری منداڵ نه‌بوونی به‌كار‌ هێنابوو، كۆرپه‌یه‌كی به‌شێوه‌یه‌كی سه‌یر له‌ دایك بوو و پزیشكانی سه‌رسام كرد . 

به‌گوێره‌ی "نیویۆرك پۆست"، ڤیۆلێتی ته‌مه‌ن 20 ساڵ، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی (له‌وله‌بی) ڕێگری منداڵبوون داده‌نێت، دووگیان ده‌بێت و كۆرپه‌كه‌ی له‌ دایك ده‌بێت، دوای له‌دایكبوونی كۆرپه‌كه‌ بینییان كۆرپه‌كه‌ له‌وله‌به‌كه‌ی به‌ده‌ستیه‌وه‌ گرتووه‌، وه‌ك ئه‌وه‌ی بڵێت سه‌ركه‌وتوو بووه‌ له‌ هاتنه‌ دنیا و تێكدانی كاره‌كه‌ی دایكی.

دوای ئه‌وه‌ی ڤیدیۆیه‌ك له‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی تیك تۆك بڵاو ده‌بێته‌وه‌، زیاتر له‌ 22.8 ملیۆن بینه‌ر تێده‌په‌ڕێنێت، به‌هۆی ئه‌وه‌ی كۆرپه‌یه‌ك به‌ناوی ڕۆدی له‌كاتی له‌دایكبوونی و هاتنه‌ ده‌ره‌وه‌ی له‌ سكی دایكی، "له‌وله‌بی ڕێگری دووگیانی" دایكی به‌ده‌سته‌وه‌ گرتبوو، ئه‌وه‌ش بووه‌ هۆی سه‌رسامبوونی پزیشكان و بینه‌رانی گرته‌ ڤیدیۆكه‌ كه‌ بینیبوویان.

دایکەکە شه‌ش جار پشكنینه‌كه‌ دووباره‌ ده‌كاته‌وه‌ و هه‌مووشی یه‌ك ئه‌نجام ده‌رچووبوون

كویك ئاماژه‌ی به‌وه‌ش دا، بۆ ماوه‌ی چه‌ند هه‌فته‌یه‌ك هه‌ستی به‌ ماندوویه‌تی و بێتاقه‌تی كردووه‌، بۆیه‌ پشكنینێكی دووگیانی ده‌كات و ده‌بینێت ئه‌نجامی پشكنینه‌كه‌ی پۆزه‌تیڤه‌ و باوه‌ڕ ناكات به‌و ئه‌نجامه‌، بۆیه‌ شه‌ش جار پشكنینه‌كه‌ دووباره‌ ده‌كاته‌وه‌ و هه‌مووشی یه‌ك ئه‌نجام ده‌رچووبوون .

هه‌روه‌ها گوتی، له‌گه‌ڵ هاوسه‌ره‌كه‌ی پلانی ئه‌وه‌یان نه‌بووه‌ منداڵیان هه‌بێت، به‌هۆی بچووكی ته‌مه‌نیان كه‌ هه‌ردوو هاوسه‌ره‌كه‌ ته‌مه‌نیان 20 ساڵه‌ و ماوه‌ی ساڵێكه‌ هاوسه‌رگیرییان كردووه‌. 

به‌گوێره‌ی ئاماره‌كانی كۆمه‌ڵه‌ی ئه‌مه‌ریكی پلاندانه‌ری خێزانی، ڕێژه‌ی سه‌ركه‌وتنی "له‌وله‌ب" بۆ ڕێگریكردن له‌ دووگیانی 99%یه‌، واته‌ له‌ هه‌ر 100 ژنێك یه‌كێكیان سه‌ره‌ڕای به‌كارهێنانی، دووگیان ده‌بێت.



وشە - كەژاڵ كەمال