سبەی خۆر و مانگ دەكەونە بەرانبەر یەكتر

:: PM:05:15:04/02/2023 ‌
سەرۆكی سەنتەری كوردستان بۆ ئەسترۆلۆجی رای دەگەیەنێت، سبەی دیاردەی پڕبوونی مانگ روو دەدات و مانگ و خۆر دەكەونە بەرانبەر یەكتر بە گۆشەی 180 پلەی فەلەكی. 

ئەمڕۆ شەموو چواری شوبات، رێبەر رۆستەر فەلەكناسی كورد و سەرۆكی سەنتەری كوردستان بۆ ئەسترۆلۆجی، بە "وشە"ی گوت، سبەی یەكشەم مانگ پڕدەبێ، مانگ و خۆر دەكەونە بەرانبەر یەكتری بە گۆشەی 180 پلەی فەلەكی كە دووەمین پڕبوونی مانگە لە ساڵی 2023  و دووەمین پڕبوونی مانگە لە وەرزی زستانی ئەمساڵ دا.

روونیشی كردەوە كە لەو شوێنانەی ساماڵ و ئاسمان ڕوونە دەتوانرێ لە سبەی شەو مانگ ببینێ بە قەبارەیەكی گەورە و گەشتر بە بەروارد لەگەڵ دەركەوتنەكانی تری مانگ.

بە گوتەی رێبەر رۆستەم لەمڕۆوە ئەگەری هەندێك ڕووداو و پێشهات هەیە وەك زۆربوونی ڕووداوی هاتوچۆ و جەنجاڵی لە ڕێگاوبانەكان و گردبوونەوە و كۆبونەوەی خەڵك و بەیاننامەی ناڕەزایی و لە هەندێ ناوچە و شوێنە جیاوازەكانی دنیا. 

دووپاتی لەوەیش كردووەتەوە كە لەم چەند رۆژەدا هەندێك بڕیاری كتوپڕی سیاسی و ئاشكرابوونی هەندێك ڕاستی شاراوە و بابەتی نەزانراو دەزانرێ‌.

داوایش دەكات كە لە هەموو جۆرە بڕیاردانێكی چارەنوسساز‌ دووركەونەوە و خواردن و خواردنەوە كەمبكەنەوە بە تایبەتی چەوری و شیرینی و تا بتوانرێ ئارام بگرن و دووركەونەوە لە هەموو جۆرە گفتوگۆیەكی توند.




وشە - وشه‌