لەناو بگرە و بەردەی ناو بازاڕی دراو و دەنگۆ و قسە و باسی مامەڵەكاران بە دراو و بازرگانان، ئابووریناس و شارەزای دارایی لەسەر بنەمای ئەو كێشانەی لە عێراق هەن و بوونەتە هۆی گرانی نرخی دۆلار، پێشبینی دەكەن هەڵكشانی نرخی دیناری عێراقی ئەوەندە ئاسان نەبێت، بەكورتی بەم نزیكانە روونادات.
مەنار عوبێدی، سەرۆكی دامەزراوی "عێراقی دواڕۆژ"، تایبەت بە كاروباری ئابووری دەڵێت، ئێستە زۆرینەی بۆرسە سەرەكییەكان لە شارەكانی عێراق داخراون، سبەی یەكشەم لەسەر بنەمای رێژەی فرۆشتنی بانكی ناوەندی و رێوشوێنە نوێیەكانی نرخی دۆلار دیاری دەكرێت، بەڵام دابەزینی نرخەكەی بەمنزیكانە نابێت و پێویستی بە نزیكەی دوو مانگ هەیە.
روونی كردەوە، نرخی دۆلار لە بازاڕی ناوخۆیی بەخێرایی و لە ماوەیەكی كورتدا روونادات، بەتایبەتی كە بەرەو مانگی رەمەزان دەچین، لەو دوو مانگەدا خواست لەسەر دۆلار زیاتر دەبێت، بۆیە پێشبینی دەكرێت نرخی دۆلار بۆ دوای مانگی رەمەزانیش هەروا بمێنێتەوە، مەگەر لەو ماوەیەدا رێوشوێنی زیاتر بگیرێتە بەر.
ئەمڕۆ شەموو ئەحمەد برێهی، ئەندامی لیژنەی بەڕێوەبردنی بانكی ناوەندی عێراق ئاشكرای كرد كە كۆبوونەوەكەی دوێنێ هەینی عەلی موحسین عەلاق، پارێزگاری بانكی ناوەندی عێراق و براین نیڵسۆن، یاریدەری وەزیری گەنجینەی ئەمەریكا لە ئەنقەرە، ئەنجامی ئەرێنی هەبووە و بڕیارەیشە لە چەند رۆژی داهاتوودا پارێزگاری بانكی ناوەندی لە واشنتن كۆبوونەوەی تر ساز بكات.
روونی كردەوە، دیدارەكەی عەلاق و نیڵسۆن هەستێكی ئەرێنی لای شارەزایانی دارایی دروست كرد، چونكە دەبێتە هۆی دابەزینێكی خێرای نرخی دۆلار لە بازاڕەكاندا، كۆبوونەوەكەی دوێنێ سەرەتایەكە بۆ ئەو كۆبوونەوەی بەمنزیكانە عەلاق لە واشنتن لەگەڵ وەزیری گەنجینەی ئەمەریكا سازی دەكات، ئەگەرچی تا ئێستە ئاگەداری وردەكاریی كۆبوونەوەكەی دوێنێ نین.