حكوومەتی سوودانی بەڵێنی چی بە ئەمەریكا داوە؟

:: PM:07:59:04/02/2023 ‌

دوێنێ لە ئەنقەرە كۆبوونەوەیەكی گرنگ لە نێوان پارێزگاری بانكی ناوەندی عێراق و یاردەری وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریكا ساز كرا، ناوەڕۆكی كۆبوونەوەكە بەوردی نەهاتە راگەیاندن، سیاسەتوانێكی عێراق باسی چەند خاڵێك دەكات كە لەو كۆبوونەوەیەدا باسی كراوە.

محەمەد خالیدی، سەرۆكی رەوتی بەیارق ئەلخەیر، كە پەرلەمانتارێكی پێشوو و سیاسەتوانێكی دێرینی عێراقە گوتی، كۆبوونەوەكەی دوایی ئەنقەرە لە نێوان عێراق و ئەمەریكا بۆ تاوتوێكردنی تەنگژەی دۆلار، تۆزێك بەزەحمەت و ئاڵۆز بووە، ئەوەش بەهۆی بۆچوونی جیاوازی هەردوولا، بەڵام لە كۆتاییەكەی ئەوان گەیشتووەنەتە سێ خاڵی گرنگ، كە دەبنە هۆی دابەزینی نرخی دۆلار لە داهاتوودا. 
سوودانی هەوڵی چاكسازی ئابووری و دارایی دەدات بۆ دوورخستنەوەی بازاڕەكان لە تەنگژەیەكی قووڵ كە بەڕێگەوەیە
روونی كردەوە، دیارترین لێكگەیشتنەكانی پێی گەیشتوون، بەڵێندانی حكوومەتی سوودانییە بە كۆنترۆڵكردنی دۆسییەی بردنی بەقاچاخی دۆلار بۆ دەرەوەی عێراق، كاتێك دۆلار لە عێراقەوە بە قاچاخ بۆ 15 دەوڵەت دەچێت، جیا لە داڕشتنەوەی نەخشەی دارایی لە رێگەی جێبەجێكردنی رێنوێنییەكانی سەكۆی ئەلیكترۆنی بۆ دابینكردنی دۆلار بۆ بازرگان و كۆمپانیاكان لە دەرەوە، هەروەها هاندانی بازاڕی ناوخۆیی بۆ مامەڵەكردن بە دینار، بۆ كەمكردنەوەی ویست لەسەر كڕینی دۆلار.

وەك خالیدی ئاماژەی كرد، ئەو لێكگەیشتنانە دەبنە هۆی زیادبوونی رێژەی مامەڵەكردن بە دینار لە بازاڕەكان لە بری مامەڵەكردن بە دراوی بیانی، ئەوەش زۆر گرنگە و دەبێتە مایەی زیادكردنی جموجۆڵی پیشەسازی ناوخۆیی، دووپاتی كردەوە، تا ئێستەش قاچاخی دراو كێشەیەكی گەورەیە و پێویستە چارەسەر بكرێت.

ئەو سیاسەتەوانە ددانی بەوەدا نا كە پابەندبوون بەو لێكگەیشتنانە دەبێتە هۆی داكشانی نرخی دۆلار لە بازاڕەكان لە ماوەی داهاتوو، لەوكاتەی حكوومەتی سوودانی هەوڵی ئەنجامدانی چاكسازی ئابووری و دارایی ئاڵۆز و سەخت دەدات بۆ دوورخستنەوەی بازاڕەكان لە تەنگژەیەكی قووڵ كە بەڕێگەوەیە. 

ئەو قسانەی خالیدی لە وای كۆبوونەوەی دوێنێ هەینی عەلی موحسین عەلاق، پارێزگاری بانی ناوەندی عێراق و براین نیڵسۆن، یاریدەری وەزیری گەنجینەی ئەمەریكا دێت لە ئەنقەرە، هەروەها لە دوای پێوەندی تەلەفۆنی نێوان محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق و جۆ بایدن، سەرۆكی ئەمەریكا و ئەو هەواڵانە دێت بەوەی وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریكا ماوەی نۆ مانگی وەك بوار بۆ عێراق دیاری كردووە، بۆ كۆنترۆڵكردنی قاچاخی دۆلار بەرانبەر بە سووككردنی رێوشوێنەكانی سەر مەزادی بانكی ناوەندی عێراق. 




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل