گەنجینەی ئەمەریكا: پێشوازی لە چاكسازییەكانی بانكی ناوەندی عێراق دەكەین

:: PM:10:10:04/02/2023 ‌

دوای ئەوەی دوێنێ هەینی لە توركیا پارێزگاری بانكی ناوەندی عێراق چاوی بە یاریدەدەری وەزیری گەنجینەی ئەمەریكا كەوت، ئەمڕۆ وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریكا بەیاننامەیەكی دەركرد و پێشوازی لە چاكسازییەكانی بانكی ناوەندی و بابەندییەكانی بە رێگرتن لە سپیكردنەوەی پارە و پاڵپشتیی دارایی بۆ تیرۆر كرد.

بەپێی بەیاننامەكە، براین نیڵسۆن، بریكاری وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریكا پێشوازی لە مامەڵەكردنی عەلی عەلاق، پارێزگاری بانكی ناوەندی عێراق لەگەڵ ئەو پرسانە دەكات، ئاماژەی بۆ هاریكاری و هاوبەشی درێژخایەنی نێوان وەزارەتەكە و بانكی ناوەندی عێراق كرد، بەتایبەتی پێوەست بە رێگرتن لە لایەنە نایاسایی و گەندەڵەكان لە سوودوەرگرتن لە سیستمی دارایی نێودەوڵەتی.

وەك لە بەیاننامەكەدا هاتووە، نیڵسۆن ددانی بە هەوڵەكانی عێراق داناوە بۆ پابەندی و باشتركردنی پێوەرەكانی رێگرتن لە سپیكردنەوەی پارە و پاڵپشتی دارایی لە تیرۆر و خستنەڕووی هاریكاری بەردەوام بۆ نوێكردنەوەی كەرتی بانكی.

شایەنی باسە دیدارەكەی توركیا لە چوارچێوەی سەردانی شاندێكی باڵای وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریكا بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و چەند وڵاتێك هات، كە تیایدا وریای كردنەوە لەوەی ئەگەر مامەڵە لەگەڵ ئەو وڵات و لایەنانە بكەن كە سزای ئەمەریكایان لەسەرە، ئەوان مامەڵەكردن لەگەڵ بازاڕەكانی كۆمەڵەی حەوت لەدەست دەدەن.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل