رێبەر ئەحمەد: هەندێك كەس ویستیان لە دەرەوەی یاسا گەشت بكەن

:: AM:10:12:05/02/2023 ‌
وەزیری ناوخۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان رای دەگەیەنێت، كارمەندانی فڕۆكەخانەی هەولێر، زۆر بەباشی كاری خۆیان كردووە، لە ماوەی رابردووشدا كەسانێك ویستوویانە لە دەرەوەی یاسا گەشت بكەن، بەڵام گیراون.

ئەمڕۆ یەكشەم پێنجی شوبات، رێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رای گەیاند، خۆشبەختانە تا ئێستە هیچ كێشەیەكی تەناهی لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر رووی نەداوە كە دەرئەنجامی كەمتەرخەمیی دەزگاكانی ئێمە بێت.

باسی لەوەش كرد، هەڵسەنگاندن و پشكنین لەلایەن رێكخراوی ICAO  بۆ فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر زۆر گرنگە، چونكە بۆ یەكەمجارە لە مێژوودا هەڵسەنگاندن بۆ فڕۆكەخانەكانی عێراق دەكرێت، یەكەم جاریشە رێكخراوێكی نێودوڵەتی لە ئاستی بەرز، لە فڕۆكەخانەی هەولێر ئامادەییان دەبێت.

كارمەندانی فڕۆكەخانەكە و ئەوانەی گەشت ئەنجام دەدەن سەلامەت بن.
لە بەشێكی قسەكانی وەزیری ناوخۆ گوتی، ئامانجی ئێمە وەك حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئەوەیە، كارمەندانی فڕۆكەخانەكە و ئەوانەی گەشت ئەنجام دەدەن سەلامەت بن.

لە بەشێكی قسەكانی وەزیری ناوخۆدا، ستایشی هەوڵەكانی هێزە تەناهییەكانی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی هەولێری كرد كە لە ماوەی رابردوودا، لەوانەیە هەندێك كەس ویستبێتیان بەدەر لە رێكارەكان گەشت بكەن، بەڵام هیچ كاتێك لە پشكنینەكانی ئاسایش و پۆلیس دەرنەچوونە و هەر رێكارێكی پێچەوانەی یاسا بووبێت، هەرزوو هەستی پێ كراوە و رێكاری یاسایی بەرانبەر ئەو خەڵكە وەرگیراوە.




وشە - رامیار جەواد