بۆچی ئۆكراینا ئەڵمانییەكەی پێ باشترە.. جیاوازی ئەبرامز و لیوپارد چییە؟

:: PM:05:37:05/02/2023 ‌

بەم دواییە مشتومڕێكی زۆر كەوتە ناو هاوپەیمانی باكوری ئەتڵەسی "ناتۆ"، لەبارەی پێویستی پێدانی چەكی پێشكەوتووی زیاتر بە ئۆكراینا، بەتایبەتی تانكی هێرشبەر بۆ رووبەڕووبوونەوەی هێرشی سەربازی رووسیا لەلایەك و خۆسازدان بۆ هێرشێكی فرەوان لە بەهاری داهاتوو، بە مەبەستی رزگاركردنەوەی ئەو ناوچانەی رووسیا لە رۆژهەڵاتی ئۆكراینا داگیری كردوون و سەپاندنی مەرجەكانی ناتۆ بەسەر ئەو وڵاتە بۆ كۆتاهێنان بە جەنگی ئۆكراینا.

مشتومڕی ئەندامانی سەرەكیی هاوپەیمانی ناتۆ بەوە كۆتایی هات كە ئەمەریكا و ئەڵمانیا و بەریتانیا و فڕەنسا تانكە پێشكەوتووەكانیان رەوانەی ئۆكراینا بكەن، بەتایبەتی هەردوو تانكی " M1 Abrams "ی ئەمەریكی و "2 Leopard "ی ئەڵمانی، كە بەهێزترین چەكی قورسن لە دنیادا و چاوەڕوان دەكرێت ئاراستەی شەڕەكە بۆ بەرژەوەندی ئۆكرانیا بگۆڕن.

بۆیە بڕیارە ئەمەریكا 31 تانكی ئەبرامز و ئەڵمانیاش 88 تانكی لیوپارد بدەن بە ئۆكراینا، لەوكاتەی وەزیری دەرەوەی ئۆكراینا ئاشكرای كرد كە وەك یەكەم كاروان، وڵاتەكەی 120 بۆ 140 تانك لە رۆژئاوا وەردەگرێت و باڵوێزی ئەو وڵاتەش لە فڕەنسا رای گەیاند كە بەڵێنی پێدانی 321 تانكی پێشكەوتوویان پێ دراوە.

كۆواری "نیوزویك" و چەند سەرچاوەیەكی تر بەراوردیان لە نێوان تواناكانی هەردوو تانكە ئەمەریكی و ئەڵمانییەكە كردووە، بەو شێوەی خوارەوە:

"لیوپارد2"، لە 1972 خراوەتە بەكارهێنانی شەڕوانی و تا ئێستە 3600 دانەی لێ دروست كراوە و 20 دەوڵەتی دنیا هەیانە كە زۆرینەیان ئەندامی ناتۆن، بەشەكانی لە لایەن سێ كۆمپانیا بەرهەم هاتووە و لە سێ وڵاتی تر جگە لە ئەڵمانیا دروست دەكرێت، نوێترین مۆدیڵی بریتییە لە "+Leopard 2A7"، بەڵام بڵاوترینی " Leopard 2A4" یە، ئێستە دوو هەزار دانەی لە ئەوروپا هەیە كە ئامادەن بۆ چوونە ناو شەڕ، لە جەنگەكانی ئەفغانستان و سووریا بەكار هێنراوە، تێچووەكەی لە نێوان 13 بۆ 15 ملیۆن یۆرۆیە. 

"ئەبرامز"، لە 1980 خراوەتە بەكارهێنانی شەڕوانی و لەو ساتەوە 10 هەزار و 700 دانەی لێ دروست كراوە، بە خێرایی و وردی پێكان دەناسرێت، لە شەڕەكانی كەنداو و ئەفغانستان و عێراق و یەمەن بەكارهێنراوە، جگە لە ئەمەریكا لەلایەن نۆ وڵاتی تر بەكاردێت، سوپای ئەمەریكا نوێترین مۆدێلی هەیە بەناوی " M1A2 SEP" یە، ئێستە كار لەسەر پەرەپێدانی كۆپییەكی تری لێ دەكرێت بە ناوی "Abrams X"، كە زیاتر پشت بە سیستمی زیرەكی دەستكرد دەبەستێت، نرخەكەی لە سەرووی 10 ملیۆن دۆلارە.

لە رووی كێش و خێرایی و توانای شەڕوانییەوە، "لیوپارد"، 52 بۆ 55 تۆنە و خێرایی دەگاتە 68 كیلۆمەتر لە سەعاتێك، درێژییەكەی 7.7 مەترە و پانییەكەی 3.7 مەترە و بەرزییەكەشی سێ مەترە، توانای بزوێنەرەكەی 1500 ئەسپە و دەتوانێت تا 280 كیلۆمەتر بەیەك تانكی گاز بڕوات، تیمی تانكەكە لە چوار كەس پێك هاتووە، زرییەكەی لە تێكەڵێكی پۆڵا و تەنگستن پیك هاتووە، جیا لە تیتانیۆم، كە هەندێك بەشی پێ داپۆشراوە، توانای خۆدەربازكردنی لە بۆمبی چێنراو هەیە، تۆپهاوێژێكی 120 ملیمەتری لەسەرە لەگەڵ دوو رەشاش و تۆپهاوێژێكی دژە فڕۆكەش، توانای پیكانی ئامانجەكانی تا دووری پێنج كیلۆمەتر هەیە، بە بەكارهێنانی سیستمی تایبەت مەوداكەی دەگاتە 10 كیلۆمەتر، توانای هەڵگرتنی 42 گولەتۆپ و 4750 گولە دۆشكەی هەیە.

هەرچی "ئەبرامزە"ە، خێراییەكەی دەگاتە 68 كیلۆمەتر لە سەعاتێك، كێشی لە نێوان 69.5 و 73.3 تۆنە، بزوێنەرێكی هاوشێوەی فڕۆكەی هەیە كە تواناكەی 1500 ئەسپە و دەتوانێت تا دووری 425 كیلۆمەتر بڕوات، تیمی تانكەكە لە چوار كەس پێك هاتووە، درێژییەكەی 9.7 مەتر و پانییەكەی 3.7 مەتر و بەرزییەكەشی 2.4 مەترە، سیستمێكی پارێزی لە پۆڵا و یۆرانیۆمی پیتێنراوی هەیە كە لە بۆمب و تەقەمكەنی دەیپارێزن، تۆپهاوێژێكی 120 ملیمەتری و سێ رەشاشی 12.7 ملیمەتری و دووی تری 7.62 ملیمەتری هەیە، توانای پێكانی چوار كیلۆمەترە، دەتوانێت 40 گولە تۆپ و زیاتر لە 11 هەزار گولەی رەشاش هەڵبگرێت.

بەپێی تایبەتمەندییەكانیان، بەكارهێنانی تانكی "لیوپارد" لە ئۆكراینا كردەنیترە بە بەراورد بە "ئەبرامز"، ئەوەش بەهۆی زۆری سووتەمەنی و ئاڵۆزی بزوێنەرەكەیەوە، كە چاككردنەوەی زەحمەتە، بۆیە بەهۆی كێش و بزوێنەر و سووتەمەنییەكەیەوە، ئۆكراینا خۆی لە بەكارهێنانی ئەبرامز لە هیڵەكانی پێشەوەی جەنگ دەپارێزێت و تەنیا بۆ بەرگری بەكاریان دێنێت.          



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل