كۆبوونەوەكانی چوارچێوەی شیعە كۆتایی نایەت، پێش پێكهاتنی حكوومەتەكەیان و تا ئێستەش كۆبوونەوە دەكەن، دوای كۆبووەكان دێتە راگەیاندن كە باسی پرسە هەنووكەییەكانیان كردووە، بەتایبەتی پێوەست بە كاری حكوومەت، راستییەكەی ئەوان خەریكی دروستكردنی هاوسەنگییەكی لەقن لە نێوان بەرژەوەندییەكانی خۆیان و ئێران نەگەیشتنە مریشكە ڕەشە لەگەڵ ئەمەریكا.
بڕیارە ئێوارەی ئەمڕۆ یەكشەم چوارچێوەی هاوئاهەنگی بۆ تاوتوێكردنی دوو دۆسییە كۆ ببێتەوە، وەك سەرچاوەیەكی سیاسی دەڵێت، لە كۆبوونەوەكە محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆك وەزیران ئامادە دەبێت، باسی پەرەسەندنە سیاسی و ئابووری و تەناهییەكان دەكات.
چاودێران پێیان وایە كە سوودانی باسی ئەنجامی پێوەندییە تەلەفۆنییەكەی لەگەڵ جۆ بایدن و كۆبوونەوەكەی توركیا لەگەڵ وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریكا بۆ سەرانی چوارچێوە دەكات، داوایان لێ دەكات بۆ مانەوەی حكوومەتەكەی یارمەتی بدەن، پێشبینی دەكرێت سەرانی چوارچێوە پێی رابگەیەنن كە بەڵێن و سازش تا ئەو ئاستە بۆ ئەمەریكا نەكات لە زیانی خۆیان و ئێران بێت.
راپۆرتێك پێی وایە كە ئێستە سەران و گرووپەكانی ناو چوارچێوەی هاوئاهەنگی، كە میلیشیا و بانكەكانیان بەیەكەوە دۆلارێكی زۆر بۆ ئێران بەقاچاخ دەبەن، كەوتوونەتە نێوان گوشاری ئێران، كە هانیان دەدات بۆ بەردەوامبوون بۆ بەرگەگردتنی سزاكانی ئەمەریكا، هەروەها ئەگەری ناڕەزایەتی فرەوانی جەماوەری بەهۆی خراپیی بژێوی و هەڵكشانی نرخی دۆلارەوە.
چاودێران دەڵێن هەندێك لە سەرانی چوارچێوە رۆژی شەمووی رابردوو لەگەڵ سوودانی كۆ بوونەتەوە و سەرزنشتیان كردووە، چونكە لە وەڵامدانەوەی گوشارەكانی ئەمەریكا پەلەی كردووە، كە داوای لێ كراوە كۆنترۆڵی مەزادی فرۆشتنی دراوی بانكی ناوەندی بكات بۆ رێگرتن لە بەقاچاخبردنی دۆلار بۆ دەرەوە، كەچی سوودانی گوتوویەتی كە تەنگژەكە ئەگەری تەقینەوەی جەماوەری لێ دەكرێت.