یەكێك لە لێكەوتە نەرێنییەكانی هەڵكشانی نرخی دۆلار، دواكەوتنی رەوانەكردنی پڕۆژەیاسای بودجەی 2023ی عێراقە بۆ ئەنجوومەنی وەزیران و پەرلەمان، چونكە دەبێت لە یاساكەدا نرخی دۆلار دیاری بكرێت، تەنگژەی دوایی هەڵكشانی نرخی دۆلاریش وای كرد كە ئامادەكردنی یاساكە زیاتر دوا بكەوێت، وەك ئەندامێكی لیژنەی دارایی ئاماژەی كردووە.
جەمال كۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق روونی كردەوە، بەهۆی هەڵبەز و دابەزی نرخی دۆلار لە بازاڕە ناوخۆییەكان، حكوومەتی عێراق لە رەوانەكردنی پڕۆژەیاسای بودجەی 2023 بۆ پەرلەمان دوا كەوت، ئێستە گفتوگۆ لەبارەی ئەوە دەكرێت كە نرخی لە یاساكەدا بگۆڕدرێت.
روونی كردەوە، رێوشوێنەكانی حكوومەت و بانكی ناوەندی دەبنە هۆكاری دابەزینی بەهەنگاوی نرخی دۆلار لە ناوخۆ، بەڵام گەڕانەوەی بۆ نرخی ئاسایی و فەرمی پێویستی بە بڕیاری زیاتر هەیە، بڕیاریشە بەمنزیكانە بانكی ناوەندی بڕیاری نوێ لەوبارەوە دەربكات.
بەپێی چاودێران كێشەی سەرەكی گرانبوونی نرخی دۆلار تەنیا پێوەست نییە بەوەی دەبێت عێراق رێوشوێنەكانی نوێی بانكی فیدراڵی ئەمەریكا پێوەست بە هاتوچۆی دراوی بیانی و حەواڵەی دۆلار جێبەجێ بكات، بەڵكو دیوەكەی تر و ئەوەی تەنگژەكەی قووڵتر كردووە، بانك و میلیشیاكان كە لە مەزادی بانكی ناوەندی بێبەش كراون، كە بۆ دەستكەوتنی دۆلار پەنایان بۆ كڕینەوەی لە بازاڕ و بانك و بازرگان و كەسانی ئاسایی بە نرخێكی گرانتر بردووە، ئەوەش وای كردووە نرخی دۆلار هەڵبكشێت و سەرەڕای چەندان رێوشوێن دانەبەزێت.
بۆیە لەگەڵ بەردەوامیی بەقاچاخبردنی دۆلار بۆ ئێران، لە رێگەی كڕینی لە بانكی ناوەندییەوە یان لە بازاڕەكان، یەك ئەنجام هەیە، ئەویش مانەوە و هەڵكشانی زیاتری نرخی دۆلار و شكانی زیاتری بەهای دینار و وەستانی مامەڵەی بازاڕ و گرانی نرخ و زیادبوونی بێكاری و هەژارییە، ئەوانەش ئەگەری سەرهەڵدانی ناڕەزایەتی جەماوەری و راپەڕین بە هاوشێوەی 2019 زیاتر دەكەن، بۆیە ئەو كارەی سەرانی چوارچێوە ریسەكەی سوودانی دەكەنەوە خوری و هەموو بەڵێنەكانی بۆ رازیكردنی سەدرییەكان و شەقام لەناو دەبات.