هه‌ر یه‌ك له بزووتنه‌وه‌ی ئیسلامی كوردستان و پارتی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان، ئاماده‌ی خۆیان بۆ هه‌ڵبژاردن نیشانداوه، له كاتێكدا یه‌كێتی خۆی به حزبێكی گه‌وره ده‌بینێت، به‌ڵام ده‌ترسێت و ئاماده‌ی هه‌ڵبژاردن نییه.
ره‌سوول ره‌ئووف ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تی پارتی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان، به "وشه"ی راگه‌یاند، پارتی سۆسیالیست هه‌میشه دووپاتی له‌وه كردووه‌ته‌وه كه پێویسته هه‌ڵبژاردن له كات و واده‌ی خۆی و چوار ساڵ جارێك ئه‌نجام بدرێت و ئه‌و مافه به هاووڵاتییان بدرێ كه بچنه سه‌ر سندووقه‌كانی ده‌نگدان و نوێنه‌ری خۆیان دیاری بكه‌ن.
روونیشی كرده‌وه كه نابێت هیچ بیانوویه‌ك بۆ دواخستن یان ئه‌نجامنه‌دانی هه‌ڵبژاردن بهێنرێته‌وه، پارتی سۆسیالیست وه‌ك كاری هه‌میشه‌یی ئاماده‌ی هه‌ڵبژاردن ده‌كرێت ئه‌و واده‌ی كه سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان دیاری ده‌كات، هه‌موو ئاماده‌كارییه‌كیش بكرێت له رووی یاسایی و تۆماری ده‌نگده‌ران و شێوازی هه‌ڵبژاردن ئه‌گه‌ر یه‌ك بازنه‌یی یان فره‌بازنه‌یی بێت.
لای خۆیه‌وه سه‌رباز خۆشناو ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تی بزووتنه‌وه‌ی ئیسلامی، به "وشه"ی راگه‌یاند، به‌رده‌وام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌بووین هه‌ڵبژاردن له كاتی خۆی بكرێت و لایه‌نه‌كان ئه‌و مافه له هاووڵاتییان زه‌وت نه‌كه‌ن، له‌و چوارچێوه‌یه‌دا ئێمه خۆمان بۆ هه‌ڵبژاردن ئاماده‌كردووه و ده‌خوازیین هه‌رچی زووه واده‌ی هه‌ڵبژاردن دیاری بكرێت.
ئاماده‌بوونی لایه‌نه‌كان بۆ هه‌ڵبژاردن له كاتێكدایه، یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان كه حزبێكی گه‌وره و زۆنێكی به ده‌سته‌وه‌یه ده‌ترسێت و تا ئێسته بیانوو بۆ ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردن ده‌هێنێته‌وه.
سلێمانی/ هۆشیار عه‌لی