چیڕۆكی بالۆنەكەی چین چی بوو؟

:: PM:07:52:05/02/2023 ‌

دوێنێ شەموو ئەمەریكا بالۆنێكی سیخوڕی چینی تەقاندەوە، كە چەند رۆژێك بە ئاسمانەكەیدا دەفڕی، ئەو رووداوە بووە هۆی ئاڵۆزبوونی پێوەندییە دیپلۆماسییەكانی هەردوو وڵات، ئەگەرچی هەواڵگری ئەمەریكا دەڵێت مەبەستی چین لەو كارە روون نییە، بەڵام ئەمەریكا سەردانی وەزیری دەرەوەی بۆ پەكین هەڵوەشاندەوە، چینیش سەركۆنەی تێكشكاندنی بالۆنەكەی كرد.

لە 2ی ئەم مانگەوە هەواڵەكان باسی بوونی ئەو بالۆنەی چین بە ئاسمانی ئەمەریكا دەكەن، پنتاگۆن دەڵێت بالۆنەكە لە 28ی كانوونی دووەمی رابردوو بەسەر ئەمەریكا فڕیوە و لە 30 مانگ چووەتە ئاسمانی كەنەدا و دوای ئەوە گەڕاوەتەوە ئاسمانی ئەمەریكا، ئەو لە ئاستێكی زۆر بەرز فڕیوە و هەڕەشەی سەربازی و بۆ ئەمەریكییەكانی تیادا نەبووە.

كێشەكە لەوە بووە ئەو بالۆنە بە ئاسمانی ویلایەتی مۆنتانا فڕیوە، كە چەندان دامەزراوەی هەستیاری سەربازی تیادایە، بۆیە پێشبینی كراوە كە كاری سیخوڕی بۆ چین ئەنجام دابێت، ئەو جۆرە بالۆنانە كێشیان سووكە و پڕن لە گازی هیلیۆم، ئامرازەكانی سیخوڕیان لەگەڵە وەك كامێرای دوورمەودا، دەتوانێت تا بەرزی 18 هەزار مەتر بەرز ببێتەوە و باشتر لە مانگی دەستكرد كار بكات و بۆ ماوەیەكی زیاتر و هەرزانترە و بەكارهێنانیان ئاسانترە.

چین دەڵێت مەبەستی ئەوان زانستی بووە و بە هەڕەمەكی گەیشتووەتە ئاسمانی ئەمەریكا و بۆ سیخوری نەبووە، كەچی ئەمەریكییەكان دەڵێن بالۆنەكە بەسەر شوێنە هەستیارە سەربازییەكان فڕیوە بۆ كۆكردنەوەی زانیاری، واتە كاری سیخوڕی كردووە، بۆیە كاتێك لە كەناراوەكانی ویلایەتی ساوس كارۆلاینا هاتە تێكشكان دەست بەسەر پاشماوەكەیدا گیرا بۆ پشكنین. 

ئەگەرچی هەواڵگری ئەمەریكا هێشتا خەریكی كۆكردنەوەی پارچەكانی بالۆنەكەن و نازانن مەبەستی چین لەو كارە چییە، بەڵام دەڵێن سوودی هەواڵگری لێ دەبینن و ئامرازەكانی سیخوڕی چینی ئاشكرا دەكەن، بەڵام بابەتی بالۆنەكە سەردانی ئەمڕۆی ئەنتۆنی بلینكن، وەزیری دەرەوەی ئەمەریكای بۆ چین دواخست، كە بڕیاۆر بوو باسی چەند دۆسیەیەك بكات، لەوانە تایوان و كەمكردنەوەی ئاڵۆزییەكانیان، بەڵام دوای تێكشكانی بالۆنەكە سەردانەكە هەڵوەشایەوە و وەزارەتی دەرەوەی چینیش بێزاری خۆی لەو كارەی ئەمەریكا دەربڕی و رای گەیاند كە رێوشوێن وەردەگرن.

لە رووی هەواڵگرییەوە ئەمەریكا سوود لە پاشماوەی بالۆنەكە دەبینێت، واتە زیاتر لە چین، ئەگەرچی بۆچوون هەیە بەوەی چەند لایەنێكی توندڕۆی ناو سوپای چین ویستیان هەبووبێت بە تێكدانی سەردانەكەی بلینكن، كە ئەوەش رووی دا، یان بۆ پێشاندانی هێزی چین بێت بەرانبەر بە ئەمەریكا، یان هەڵەیەكی هەواڵگری چینی بووبێت.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل