لاڤرۆڤ گەیشتە بەغدا

:: PM:08:53:05/02/2023 ‌
وەك بڕیار بوو ئەمڕۆ سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی رووسیا بە سەردانێكی فەرمی و بە هاوەڵی شاندێكی باڵا گەیشتە بەغدا، ئەوەش بۆ تاوتوێكردنی چەند پرسێكی گرنگ لەگەڵ بەرپرسانی عێراق.

بەپێی وەزارەتی دەرەوەی عێراق لاڤرۆڤ سەركردایەتی شاندێكی باڵای وڵاتەكەی دەكات، كە ژمارەیەك بەرپرسی حكوومەت و دیپلۆماتكار و نوێنەری كۆمپانیاكان و میدیاكارانی ئاژانسەكانی رووسیا لەخۆی دەگرێت.

ئەحمەد سەحاف، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق رای گەیاند كە لاڤرۆڤ بە سەردانێكی فەرمی گەیشتووەتە بەغدا و بڕیارە چاوی بە هەرسێ سەرۆكایەتی بكەوێت، لەگەڵ فوئاد حوسێن، جێگری سەرۆك وەزیران و وەزیری دەرەوە باسی پتەوكردنی پێوەندییەكانی هەردوو وڵات بكەن، ئاشكرای كرد كە شاندی رووسیا لە 25 كەسایەتی وەك لایەن و نوێنەری گەورە كۆمپانیاكانی بواری نەوت و غاز پێك هاتووە.

تۆڕی "میدڵ ئیست مۆنیتەر"، لەبارەی سەردانەكەی لاڤرۆڤ دەڵێت، لاڤرۆڤ بە هاوڵی شاندێكی باڵا دێتە عێراق و گفتوگۆ لەبارەی چەند دۆسیەیەكی گرنگ دەكات، لەوانە كەرتی وزە و بازاڕی نەوت، بۆیە ئامانجی سەردانەكە سیاسی و ئابوورییە و لەناو تەنگژەیەكی قووڵی هەڵكشانی نرخی دۆلار دێت لە عێراق.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل