بانكی ناوەندی عێراق چەند رێوشوێنێكی تر رادەگەیەنێت

:: PM:09:59:05/02/2023 ‌

بانكی ناوەندی عێراق لە هەوڵەكانی بۆ رێگرتن لە هەڵكشانی زیاتری نرخی دۆلار بەردەوامە، پارێزگاری بانكەكە ئاشكرای دەكات كە ناوەڕاستی ئەم مانگەدا كۆمەڵێك رێوشوێنی نوێی تر بۆ ئەو مەبەستە رادەگەیەنن. 

بەپێی بەیاننامەیەكی نووسینگەی راگەیاندنی بانكەكە، ئەمڕۆ عەلی موحسین عەلاق، پارێزگاری بانكی ناوەندی عێراق چاوی بە سەرۆكی ئەنجوومەن و بەڕێوەبەرانی گشتی و بەرپرسانی بانكە حكوومەتی و تایبەتەكان كەوتووە، ئەوەش بۆ تاوتوێكردنی كاریگەریی رێوشوێنەكانی كۆنترۆڵكردنی هەڵكشانی نرخی دۆلار كە وەرگیراون.

روونی كردەوە، لەو دیدارە عەلاق رای گەیاند كە لە ناوەڕاستی ئەم مانگە كۆمەڵەی دووەمی رێوشوێنەكان رادەگەینن، دووپاتی كردەوە كە ئێستە هیچ كۆتێكی ناوخۆیی یان دەرەكی لەسەر حەواڵەی دەرەكی یان فرۆشتنی كاشی دۆلار نییە، ئەوەش وەك پابەندییەك لە رێككەوتن لەگەڵ سندووقی دراوی نێودەوڵەتی كە پەرلەمان لە 2008 دەنگی لەسەر داوە. 

پارێزگاری بانكی ناوەندی عێراق روونی كردەوە كە سیستمی نوێی بانكی و دارایی مەبەست لێ سنوورداركردنی داواكارییە یاساییەكانی دۆلار نییە، بەقەد ئەوەی پاراستنی سیستمی بانكی و داراییە لە مامەڵە ناشەرعی و گوماناوییەكان، هاوكات پاڵپشتی لە جێبەجێكردنی یاسای سپیكردنەوەی پارە و پاڵپشتیكردنی تیرۆر و رێنوێنییەكانە لەوبارەوە.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل