لەم شوێنانە بەفر دەبارێت

:: PM:10:55:05/02/2023 ‌

پێشبینیكارێكی كەشناسی عێراقی ئاماژە دەكات كە سبەی دووشەم كەشێكی باراناوی و بەفر چەندان ناوچەی عێراق دەگرێتەوە، لەوانە ئەگەری بەفربارین لە دهۆك و بەرزاییەكانی باكوری هەولێر و سلێمانی هەیە.

سادق عەتییە، پێشبینیكاری كەشوهەوا لە لاپەڕەی خۆی لە فەیسبووك نووسیویەتی، كەشوهەوای سبەی دووشەم هەور و نیوچە هەور دەبێت، لە زۆرینەی شارەكانی عێراق با دەبێت، ئەوەش بەهۆی هاتنی نزمە هەوایەكی جەمسەری، كە ئێستە كاریگەری لە كەناراوەكانی دەریای ناوەڕاست كردووە و باران و بەفر و رەشەبای بەفری لەوێ دروست كردووە.

روونی كردەوە، بەو هۆیەوە هەلێك هەیە بۆ بارانێكی سووك لە شارەكانی هەرێمی كوردستان و نەینەوا و دیالە و كەركووك و رەنگە بەغدا و سەڵاحەدین و چەند ناوچەیەكی باشووری عێراقیش بگرێتەوە لەوانە بەسرە، هەروەها ئەگەری بارینی بەفر لە دهۆك و باكوری هەولێر و سلێمانی هەیە.

عەتییە وریایی لە بارانێكی بەخوڕی شەوانەی لە دهۆك و باكوری هەولێر دا كە تێكەڵی بارانێكی بەستوو دەبێت، هەرچی پلەكانی گەرمییە، لە ماوەی ئەم هەفتەدا لە هەڵبەز و دابەزیندایە، بەشێوەیەك لە كۆتایی ئەم هەفتەیە بەشێوەیەكی بەرچاو نزم دەبێتەوە، بەڵام لە شارەكانی باكور كاریگەرییان بەو شەپۆلە جەمسەرییە زیاترە، بۆیە پێشبینی هەیە شەوی چوارشەم و بەیانی پێنجشەم بەفرێكی سووك سەنتەری سلێمانی بگرێتەوە.    


وشە - مه‌حموود ئیسماعیل