هێزێكی چه‌كدار كه ده‌گوترێت " كۆماندۆ و دژه‌تیرۆر"ن هه‌ڵیانكوتایه سه‌ر باخه‌كه‌ی لاهوور شێخ جه‌نگی هاوسه‌رۆكی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان و كه‌سێكیان گرتووه و ئێسته چاره‌نووسی نادیاره.
دوای نیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ چوارشه‌م هه‌شتی ئادار/ مارس، سه‌رچاوه‌یه‌كی ئاگه‌دار به "وشه"ی گوت، هێزێكی ده‌مامكدار كه كۆماندۆ و دژه‌تیرۆر بوون، هه‌ڵیانكوتاوه‌ته سه‌ر باخه‌كه‌ی لاهوور شێخ جه‌نگی هاوسه‌رۆكی یه‌كێتی كه ده‌كه‌وێته نزیك فه‌رمانده‌ی و دیواری فڕۆكه‌خانه‌ی سلێمانی.
ئه‌و سه‌رچاوه‌یه ده‌ڵێ، ته‌نیا پاسه‌وانێك له‌وێ بووه، هێزه‌كه ئه‌ویان له‌گه‌ڵ خۆیان بردووه و كه‌لوپه‌لی زۆریشیان شكاندووه. هه‌روه‌ك دووپاتی كرده‌وه كه هێشتا چاره‌نووسی ئه‌و كه‌ی له‌لایه‌ن هێزه‌كه‌وه رفێنراوه دیار نییه.
هه‌رچه‌نده یه‌كێتی هیچ روونكردنه‌وه‌یه‌كی له‌سه‌ر ئه‌و رووداوه نه‌بووه، به‌ڵام پێده‌چێ ئه‌وه هه‌وڵی ده‌سپێكی كۆتایهێنانی لاهوور شێخ جه‌نگی بێت له سلێمانی به‌تایبه‌ت كه پێشتر له په‌یامێكدا رای گه‌یاندبوو ده‌ست به جموجۆڵه‌كانی ده‌كاته‌وه.
كێشه‌ی نێوان لاهوور شێخ جه‌نگی و بافڵ تاڵه‌بانی هاوسه‌رۆكانی یه‌كێتی له دادگا یه‌كلای بووه‌وه، دوای بڕیاره‌كه‌ی دادگایش له مانگی رابردوو، لاهوور شێخ جه‌نگی رای گه‌یاند ده‌سه‌ڵاته‌كانی هاوسه‌رۆكی یه‌كێتی به‌كار ده‌هێنێته‌وه.