دۆلار هاڕەی كرد

:: PM:02:03:13/03/2023 ‌
نرخی دۆلار لە بەیانییەوە تا ئێستە لە بازاڕەكاندا، بڕی دوو هەزار دینار زیاتر دابەزی و دابەزینەكەشی بەردەوامە.

ئەمڕۆ دووشەم 13ـی ئادار، عەبدولڕەحمان حاجی كەمال خاوەنی نووسینگەی دراوگۆڕینەوە، بە "وشە"ـی راگەیاند، نرخی دۆلار لە بازاڕەكاندا بەردەوام لە دابەزینە و ئەمڕۆ بە تەواوی دۆلار شكاوە.

زیاتر گوتی، بەیانی لە كاتی كردنەوەی بازاڕ، نرخی 100 دۆلار بە 157 هەزار دینار مامەڵەی پێوە دەكرا، بەڵام تا پاش نیوەڕۆی ئەمڕۆ بە تەواوی دۆلار رووی لە نزمبوونەوە كردووە.

باسی لەوەش كرد، لە سەعات 1:50  كەقسە لەگەڵ تۆ دەكەم، 100 دۆلار بە 154 هەزار و 650 دینار دەفرۆشرێت، كەسیش كڕیار نییە و هەمووی بۆ فرۆشتن دانراوە.

لە دوای گۆڕانكارییەكانی عێراق، وایكردووە نرخی دۆلار روو لە نزمبوونەوە بكاتەوە، ئەمڕۆش بانكی ناوەندی بڕی 215 ملیۆن دۆلاری خستە بازاڕ.



وشە - رامیار جەواد