رێوڕەسم بۆ یادی 100 ساڵەی لەدایكبوونی نازك مەلائیكە بەڕێوە دەچێت

:: PM:01:43:14/03/2023 ‌
سەرۆك وەزیرانی عێراق، رێنوێنی بۆ سەرجەم بەڕێوەبەری پەروەردە گشتییەكان لە سەرجەم پارێزگاكانی عێراق ناردووە كە لە رۆژی 100 ساڵەی لەدایكبوونی خاتوون شاعیری ناوداری عێراقی و عەرەب نازك مەلائیكە، رێوڕەسمی شایانی بۆ بەڕێوە ببەن.

پێگەی "شەفەق نیوز" ئەمڕۆ سێشەم 14ی ئادار بڵاوی كردووەتەوە، بەپێی بەیاننامەیەكی نووسینگەی سەرۆك وەزیرانی عێراق محەمەد شیاع سوودانی، سوودانی سەرجەم بەڕێوەبەرە گشتییەكانی سەرجەم پارێزگاكانی عێراقی ئاگادار كردووەتەوە، رۆژی پێنجشەم 16ی ئادار، ئاهەنگ و رێوڕەسمی لەدایكبوونی 100 ساڵەی "نازك مەلائیكە" بە وتارێكی ئامادەكراو دەست پێ بكەن.

نازك مەلائیكە كە ناودارترین شاعیری عێراق و عەرەبە، رێكخراوی عەرەبی بۆ پەروەردە و رۆشنبیری و زانست "ئالكسو" بۆ ئەمساڵ ئەو شاعیرەی دەستنیشان كردووە وەك هێمایەك بۆ رۆشنبیریی عەرەبیی ساڵی 2023. لەو رۆژەدا ئاهەنگ و رێوڕەسمی بۆ ساز دەكرێت و وتارێك لەبارەی رۆڵی لە پەروەردە و رۆشنبیریی عەرەبیدا پێشكەش دەكرێت.

نازك مەلائیكە لە 23ی ئۆگستسی 1023 لە دایكێكی شاعیر و باوكێكی نووسەر لە دایك بووە، لە ساڵی 1944دا خانەی باڵای مامۆستایانی تەواو كردووە. پاشان لە 1949دا چووەتە پەیمانگەی هونەرە جوانەكان بەشی موزیكی تەواو كردووە، لە 1959دا بڕوانامەی ماستەری لە ئەدەب لە زانكۆی وێسكونسن- مادیسۆنی لە ئەمەریكا وەرگرتووە، بووەتە مامۆستا لە زانكۆی بەغدا و زانكۆی بەسرە و دواتریش زانكۆی كوێت.

نازك مەلائیكە لە ساڵی 1990دا لە شاری قاهیرەی میسر لە گۆشەگیریدا ژیاوە، ئاكام لە 20ی یونیۆی ساڵی 2007دا لە تەمەنی 83 ساڵی كۆچی دوایی كردووە. تا ئێستەیش لەڕێی شیعرەكانی ئەو شاعیرەوە، دەیان بڕوانامەی دكتۆرا لەلایەن قوتابیانەوە بەدەست هێنراون.




وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د