بۆچی شیعە و سوننە لەسەر دیاریكردنی مانگی رەمەزان رێكناكەون؟

:: PM:06:00:19/03/2023 ‌

هەموو ساڵێك لە كاتی دیاریكردنی مانگی رەمەزان، كە بە بینینی هیلالی مانگەكە دەست پێ دەكات، شیعە و سوننە لێك جیا دەبنەوە، رەنگە هۆكارەكەی بە سیاسی لێك بدرێتەوە، بەهۆی ئەو ركابەری و نەیارییە مێژووییەی لەنێوانیاندا هەیە و تا ئێستەش زیندووە و بە زیندوویی دەمێنێتەوە، بەڵام راستییەكەی چییە؟

ئەمڕۆ دادگەی باڵای سعوودیە رای گەیاند كە ئێوارەی رۆژی سێشەم چاودێری بینینی هیلالی مانگی رەمەزان دەكرێت، بۆیە ئەگەر لەو وادەیە مانگ بینرا، لەلایەن خانەی فەتوای فەرمی لە دنیای ئیسلامی دێتە راگەیاندن، لە رووی فەلەكییەوە پێشبینی دەكرێت بۆ ئەمساڵ مانگی رەمەزان رۆژی پێنجشەمی داهاتوو، 23ی ئادار دەست پێ بكات، كاتێك لە رووی شەرعییەوە ئێواری سێشەم 21ی ئادار چاودێری بینین مانگ بكرێت، بەڵام بەپێی حیساباتی فەلەكی، ئەو شەوە لە تەواوی وڵاتانی ناوچەكە مانگ پێش خۆر ئاوا دەبێت، بۆیە بینینی ئەستەم دەبێت و پێشبینی دەكرێت تەواوی وڵاتانی ناوچەكە چوارشەم بكەنە تەواوەكەری مانگی شەعبان و پێنجشەمیش یەكەم رۆژی مانگی رەمەزان بێت.    

دیاریكردنی یەكەم رۆژی مانگی رەمەزان پشت بە فەرموودەیەكی پێغەمبەری ئیسلام دەبەستێت كە ئاماژە دەكات، بە بینی هیلال دەست بە بەرۆژووبوون بكەن و بە بینیشی كۆتایی پێ بێنن، واتە پێویستە هیلالەكە ببینرێت، ئەگەرنا مانگی شەعبان تەواو دەكرێت و رۆژی دوای ئەوە دەبێتە یەكەم رۆژی مانگی رەمەزان، پێشتر پشت بە شایەتی زیاتر لە دوو كەس بۆ كۆمەڵە كەسێك دەبەسترا بۆ بینین مانگەكە، بەڵام ئێستە ئامرازەكان پێشكەوتوونە و پشت بە روانگە فەلەكییەكان دەبەسترێت بۆ بینینی هیلالەكە و دیاریكردنی یەكەم رۆژی.

ئەگەرچی زۆرجار حیساباتی فەلەكی و بینین شەرعی كۆكن، بەڵام قسەی كۆتایی بۆ دیاریكردنی یەكەم رۆژی مانگی رەمەزان یان بۆ دیاریكردنی مانگەكە كۆچییەكان بۆ خانەی فەتواكان و دەسەڵاتدارە شەرعییە فەرمییەكان دەگەڕێتەوە، بەتایبەتی لە سعوودیە بەهۆی بوونی هەردوو مزگەوتی حەرام لە مەكە و پێغەمبەر لە مەدینە، بۆیە زۆرێك لە وڵاتان و موسڵمانان پشت بە رۆزنامەی سعوودیە دەبەستن بۆ دیاریكردنی مانگە كۆچییەكان و مانگی رەمەزانیش. 

لە سعوودیە لە دوایین رۆژی مانگی شەعبان، دادگەی باڵای سعوودیە لە شاری حوتە سدێر لە پارێزگەی مەجمەعە دانیشتنێك بۆ چاودێریكردنی بینین هیلالی رەمەزان ساز دەكات، دادگەكە پشت بە نوێترین ئامرازی چاودێریكردنی فەلەكناسی دەبەستێت بۆ بینین هیلالەكە و دیاریكردنی وردی یەكەم رۆژی مانگی رەمەزان، كە رەنگە ئەمساڵ لەگەڵ حیساباتی فەلەكناسی كۆك بێت. 

هەرچی شیعەیە، لەوانەش سەكۆ و ماڵپەڕی ئەلیكترۆنی عەلی سیستانی، مەرجەعی باڵای شیعەی عێراق، ددان بە چاودێریكردنی فەلەكناسی دانانێن، ئەوان مەرجی بینینی هیلالیان بە چاوی ئاسایی هەیە بۆ دووپاتكردنەوەی دەست پێكردنی مانگی رەمەزان و جەژنەكەی، ئەوان دەڵێن لە قورئانی پیرۆزدا هاتووە كە بۆ دیاریكردنی سەرتای مانگەكانی كۆچی دەبێت پشت بە بینی هیلال ببەسترێت، واتە ئەوەی بە چاوی ئاسایی دەبینرێت، ئەوەشی بە چاوی ئاسایی نابینرێت كەڵكی ئەوەی نییە پشتی پێ ببەسترێت. 

واتە دەركەوتنی قۆناغە جیاجیاكانی هیلالەكان وەك وادەیەكە بۆ خەڵك و دەتوانن بۆی بگەڕێنەوە بۆ زانین و دیاریكردنی رۆژانی مانگی قەمەری و رێكخستنی كاروباری دنیا و ئاینیان، واتە هیلالەكە بۆ تەواوی خەڵك دیار بێت نەوەك بۆ هەندێك كەس، كە لەگەڵ دەقە قورئانییەكە ناگونجێت.   

پێشبینی دەكرێت رۆژانی رەمەزانی ئەمساڵ، واتە سەعاتەكانی بەرۆژووبوون لە زۆرینەی وڵاتان بگاتە 14 سەعات، دوای سەلماندنی بینین هیلالی مانگی رەمەزان بە رێگە شەرعی و فەلەكییەكان، لەلایەن خانەی فەتوای فەرمی لە دنیای ئیسلامی دێتە راگەیاندن و موسڵمانان دەست بە رۆژووگرتن دەكەن، وەك ئاماژەی بۆ كرا بە حیسابی فەلەكییەوە پێشبینی دەكرێت یەكەم رۆژی مانگی رەمەزان بكەوێتە پێنجشەمی داهاتوو 23ی ئادار، مانگی رەمەزانی ئەمساڵ 29 رۆژ دەبێت و 21ی نیسان دەبێتە یەكەم رۆژی جەژنی رەمەزان.

پێشبینی دەكرێت ناوەندی ژمارەی سەعاتەكانی بەرۆژووبوون لە زۆرینەی وڵاتانی ناوچەكە بگاتە 14 سەعات، لەوانە لە عێراق، یەكەم رۆژیش كورتترین دەبێت و دوای ئەوە بەرە بەرە سەعاتەكانی بەرۆژووبوون زیاتر دەبن.  



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل