كەی پەستانی خوێنت ئاساییە؟

:: PM:07:49:19/03/2023 ‌

بەرزیی پەستانی خوێن یەكێكە لە نەخۆشییە درێژخایەنەكان، زیاتر پێوەستە بە سیستمی ناتەندروستی خۆراك و شێوازێكی ژیانی هەڵەوە، بەشێوەیەك ئەگەر كۆنترۆڵ نەكرێت، دەبێتە دەروازەیەك بۆ هاتنی كێشەی گەورەتری تەندروستی، وەك نەخۆشی دڵ و سەكتەی مێشك و گورچیلە، بەڵام پێویستە هەوڵ بدرێت لە چ ئاستێك رابگیرێت؟ 

پێوانەكردنی پەستانی خوێن لە دوو ژمارە پێكهاتووە، ئەوەی سەرەوە و بەرزەكە هی كاتی گوشین و گوشاری دڵە، ئەوەی خوارەوەش لە كاتی حەسانەوەیەتی، پەستانی ئاسایی خوێن بریتییە لە كەمتر لە 120/80، لە حاڵەتی پێش تووشبوون بە نەخۆشییەكە، دەگاتە نێوان 120 بۆ 139 ژمارە بەرزەكە و 80 بۆ 89 وەك ژمارەی خوارەوە.

هەرچی پەستانی بەرزیی خوێنە دەگاتە 140 بۆ 159 بۆ ژمارە بەرزەكەی و 90 بۆ 99 بۆ ژمارەی خوارەوەی، پەستانی زۆر بەرزیش 160/100ە، كە لە تەمەنی 18 ساڵییەوە دەست بە پێوانەكردنی پەستانی خوێن دەكرێت.

ئێستە دەتوانرێت لە رێگەی ئامێرێكی تیشكی بەشبەشییەوە لە ماوەی 10 خولەك بوونی پەستانی بەزی خوێن ئاشكرا بكرێت و چارەسەریشی بۆ دیاری بكرێت، كاتێك ئامێرەكە لە ماوەی تەنیا چەند خولەكێك بوونی ئەو گرێیانە لە رژێنی ئەدرنالین ئاشكرا دەكات، كە هۆكاری بەرزیی پەستانی خوێنن لە لەشدا، ئەو گرێیانە بڕێكی زیاد هۆرمۆنی ئەلدۆستیرۆن بەرهەم دێنن كە دەبنە هۆكاری گلدانەوەی خوێ لە لەش و بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن.

بۆیە ئەو كەسانەی رێژەیەكی زۆری ئەو هۆرمۆنەیان هەیە دەتوانرێت یەكێك لەو رژێنەیان لاببرێت، بۆ كەمكردنەوەی دەردانی، لە نیشانەكانی بەرزیی پەستانی خوێن سەرئێشەی توند و ماندووبوون و رارایی و كێشەی بینین و ئازاری سنگ و هەناسەتەنگی و ناڕێكیی لێدانی دڵ و بوونی خوێن لە میز و هەستكردن بە لێدان لە سنگ و مل و گوێیەكان. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل