وەزارەتی تەندروستی بۆ ڕۆژی نەورۆز ئامادەیە

:: PM:01:55:20/03/2023 ‌
وەزارەتی تەندروستیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، ئامادەكارییەكانی وەزارەتەكەی بۆ ڕۆژانی نەورۆز بڵاو كردەوە و چەند رێنوێنییەكیشی بڵاو كردەوە.

ئەمڕۆ دووشەم 20ـی ئادار، لە راگەیەنراوێكی وەزارەتی تەندروستیدا هاتووە، لە پێناو بەرژەوەندیی گشتی و بەمەبەستی ئامادەكاری و بەردەوامبوون لە پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری تەندروستی و پزیشكی لە ڕۆژانی پشووی جەژنی نەورۆزی پیرۆز، وەزارەتی تەندروستی سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەكانی تەندروستی ڕادەسپێرێت بۆ ئامادەكاری و پابەندبوون و جێبەجێكردنی ئەم ڕێكارانەی خوارەوە:

1. دانانی لیژنەی بەدواداچوون لە سەرجەم بەڕێوەبەرایەتیی گشتی و نەخۆشخانەكان. 
2. بۆ هەركارێكی پێویست و لەناكاو، پێویستە هێڵی گەرمی پێوەندی هەبێت. 
3. لە كاتی پێویستدا كۆگەكانی دەرمان و پێداویستی پزیشكی و تاقیگەیی كراوە دەبن لە سەرجەم شار و شارۆكەكان. 
4. پابەندبوونی پزیشكانی پسپۆڕ و نیشتەجێی دێرین و خولاو و پەرستار و كارمەندانی تەندروستی بە دەوامی ئێشكگری. 
5. هاتنەژوورەوەی ڕاگەیاندن تەنیا لە ڕێی ڕاگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتییەكان دەبێت. 
6. ئاماری ڕۆژانە دەبێت لە ماوەی ٢٤ سەعاتی لە ڕێی پێوەندی مۆبایلەوە لە سەعات هەشتی بەیانی تا هەشتی بەیانیی رۆژی دوایی، رەوانە بكرێت بۆ بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەكان. 
7. ڕۆژانە فۆرمی تایبەت بە ئامارەكان ڕەوانە بكرێت بۆ بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەكان. 
8. ئامادەباشی بۆ ئەمبوڵانس و دابینكردنی گاز و بەنزین بكرێت. 
9. بەدواداچوونی بەردەوام بۆ پڕۆژەكانی خاوێنكردنەوە و دابینكردنی خۆراك بكرێت. 
10. هێڵەكانی مۆبایلی بەرپرس و (مستلم)ی بەشەكان كراوە بێت وەڵام بدرێتەوە. 
11. نەخۆشخانەكانی فریاكەوتن و نۆرینگە دەرەكییەكان، كراوەبن و هەموو سەردان و زانیارییەكان تایبەت بە نەخۆش تۆمار بكەن. 
12. سەنتەرەكانی پێدانی چارەسەری كیمیایی بۆ نەخۆشانی شێرپەنجە، پێویستە بەشێوەی ئێشكگری كراوە بێت.
13. سەنتەرەكانی شووشتنی گورچیلە، پێویستە بەشێوەی ئێشكگری كراوە بێت.
14. تیمەكانی فریاگوزاری و هێڵی (١٢٢) بەردەوام دەبن لە ئەرك و كارەكانیان بەشێوەی ٢٤ سەعاتی، هۆبەی پزیشكی فریاكەوتن خشتەی دابینكردنی تیمەكانی دادەنێت بۆ شوێنەكانی پێویست و گەشتیاری.
15. تیمەكانی (پشكنینی ئاوی خواردنەوەی ماڵان و نەخۆشییە گوازراوەكان و چاودێری تەندروستی) بەردەوام دەبن لە بەدواداچوونەكانیان بەشێوەی ئێشكگری.
16. پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری تەندروستی بۆ ئاوارەكان لە كەمپەكان بەردەوام دەبێت.
17. تیمی تەندروستی لە شوێنە گەشتیارییەكان دابنرێت بۆ پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری تەندروستی بۆ باری لەناكاو.



وشە - رامیار جەواد