حكوومەت: پێویستە بەرژەوەندی گشتی هەرێم بخرێتە پێش هەموو بەرژەوەندیەكی تر

:: PM:06:33:20/03/2023 ‌
گوتەبێژی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە بۆنەی جەژنی نەورۆز پەیامێكیان بڵاو كردەوە و رای گەیاندووە، داوا لە هاووڵاتییان دەكەین، لە كاتی گەشت و سەیران دا، بۆ دووربوون لە هەر جۆرە كارەساتێك، هێور و پابەندی ڕێنوێنییەكانی هاتوچۆ بن.

لە پەیامەكەی د.جووتیار عادل گوتەبێژی حكوومەتدا هاتووە، جەژنی نەورۆز و سەری ساڵی نوێی كوردی لە تەواوی كوردستانیانی ئازیز و ماڵباتی سەربەرزی شەهیدان و ئەنفالكراوان و سەرجەم پێشمەرگە قارەمانەكانی كوردستان و هێزە تەناهییەكان پیرۆز دەكەین.

"بە ئیرادەی پۆڵاینی گەلەكەمان، ساڵی ڕابردوو، كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە چوارچێوەی كار و بەرنامەكانی بۆ خزمەتكردنی زیاتری هاونیشتمانیان، هەنگاوی بێ وێنەی ناو، و ئومێدێكی نوێی بۆ خەڵكی كوردستانی خوڵقاندووە" لە پەیامەكەدا وا نووسراوە.

هەروەها لە پەیامەكەدا هاتووە، پێداگری لەسەر تەبایی و هاوهەڵوێستی لایەنە سیاسییەكانی كوردستان ئەركی هەموو لایەكە و پێویستە بەرژەوەندی گشتی هەرێم بخرێتە پێش هەموو بەرژەوەندیەكی تر و تا لەم پێناوەدا بەیەكەوە بتوانین گشت كێشەكان چارەسەر بكەین.

لە كۆتایشدا، هەر بەم بۆنەیەوە داوا لە هاووڵاتییان دەكەن، لە كاتی گەشت و سەیران دا، بۆ دووربوون لە هەر جۆرە كارەساتێك، هێور و پابەندی ڕێنماییەكانی هاتوچۆ بن و لە هەمووشی گرنگتر پاكوخاوێنی ژینگە جوانەكەی كوردستان بپارێزن.



وشە - وشه‌