گۆڤاری
فۆرێن پۆلسی بابه‌تێكی ریناد مه‌نسووری به ناونیشانی "بۆچی دیموكراسی له عێراق هیچ ده‌رفه‌تێكی نایه‌ته پێش" بڵاوكردووه‌ته‌وه و ئاماژه‌ی داوه، به‌ر له 20 ساڵ و له هه‌مان مانگ ئه‌مه‌ریكا هێرشی كرده سه‌ر عێراق و كۆتایی به ڕژێمی دیكتاتۆری هێنا و به‌ڵێنی بنیاتنانه‌وه‌ی عێراقێكی دیموكرات و نوێ و پێشكه‌وتوو و ئارامی به خه‌ڵكی ئه‌و وڵاته و جیهان دا، به‌ڵام دوای دوو ده‌یه له ڕووخانی به‌عس، تا ئێسته دیموكراسی له عێراق جێگیرنه‌بووه و به‌رده‌وام كێشه و ئاڵۆزی و گرفتی گه‌وره ڕووبه‌ڕووی عێراق ده‌بێته‌وه، ئه‌مه‌یش به پله‌ی یه‌كه‌م هۆكاره‌كه‌ی بۆ ئه‌وه ده‌گه‌ڕێته‌وه، كه له 2003 سیسته‌مێكی سیاسی له عێراق جێگیركرا كه تا ئێسته‌یش بوونی هه‌ی، ئه‌و سیسته‌مه له‌سه‌ر بنه‌مای گه‌نده‌ڵی و ڕه‌شبگیری و ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی هه‌موو به‌رهه‌ڵستكارانی كار ده‌كا و هه‌ندێجاریش توندوتیژی ئه‌و سیسته‌مه جیاوازییه‌كانی كه‌متر نییه له‌گه‌ڵ ڕژێمی دیكتاتۆری له‌ناوچوو.
له ڕووكه‌ش و تیۆرییه‌وه به‌ر له 20 ساڵ عێراق نمایشی ئه‌وه ده‌كات كه دیموكراسی تێدا جێگیره و پێ"ج هه‌ڵبژاردنی نیشتمانی فره‌وان ئه‌نجام دراوه، واته پێنج جار به‌شێوه‌یه‌كی ئاشتیانه ده‌سه‌ڵات ئاڵوگۆڕ كراوه له نێوان حزبه جیاوازه‌كان و سه‌رۆك وه‌زیرانی جیاوازه‌وه، به‌ڵام سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌یش حكوومه‌ته‌كان هه‌میشه شكستیان هێناوه له به‌دیهێنانی ئامانجه سه‌ره‌كی و جه‌وهه‌رییه‌كان.
پێنج حكوومه‌ته‌كه‌ی عێراق شكستیان خواردووه و ناتوانن ده‌سته‌به‌ری خزمه‌تگوزارییه سه‌ره‌كییه‌كان و سه‌ره‌تاییه‌كان بۆ هاووڵاتییان بكه‌ن، له‌بری ئه‌وه سیسته‌می سیاسی و به‌ڕێوه‌بردنی وڵات نغرۆی گه‌نده‌ڵی بووه، كه بژاره‌یه‌كی زۆر كه‌می كۆمه‌ڵگه‌كه سوود له‌و شێوازه وه‌رده‌گرن و زۆرینه‌ی ڕه‌های عێراقییه‌كانیش له هه‌موو شتێك بێبه‌شكراون، ئه‌مه‌یش وایكردووه زۆرینه‌ی ڕه‌های خه‌ڵكی عێراق هه‌ست به بێئومێدی بكه‌ن، له دوا هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراقیش ئه‌مه به روونی ده‌ركه‌وت، كاتێك ڕێژه‌ی به‌شداری ده‌نگده‌ران له هه‌ڵبژاردن گه‌یشته ته‌نیا 41%، كه ئه‌مه‌یش شكستێكی گه‌وره بوو بۆ پرۆسه‌ی سیاسی له عێراق و ئه‌مه‌ریكا و حكوومه‌تی عێراقیش لێی بێده‌نگن و گوێی پێ ناده‌ن. ئه‌و ڕێژه‌یه‌یش حكوومه‌ت خۆی بڵاوی كردووه‌ته‌وه و زۆرێك له خه‌ڵكی گومانیان له‌سه‌ری هه‌یه و هێما بۆ ئه‌وه ده‌كه‌ن، ڕێژه‌ی به‌شداری ڕاسته‌قینه‌ی خه‌ڵك له هه‌ڵبژاردن له نێوان له 20% تا 30% بووه.
ئه‌و سیسته‌مه سیاسییه‌ی ئێسته بوونی هه‌یه ڕووبه‌ڕووی هه‌ڕه‌شه و ئالنگاری مه‌ترسیداربووه‌ته‌وه له‌لایه‌ن گرووپه چه‌كداره‌كان و ڕاپه‌ڕین و خرۆشانه به‌رده‌وامه‌كانی خه‌ڵك له‌لایه‌ن موقته‌دا سه‌دره‌وه. هاوكات داگیركردنی سێیه‌كی عێراق له 2014 تا 2019 له‌لایه‌ن گرووپێكی تیرۆریستییه‌وه، ئه‌مه‌یش واته‌ی بێهیوابوونی گه‌نج له هه‌موو شتێك، هه‌ربۆیه‌ش له تشرینی یه‌كه‌م/ئۆكتۆبه‌ری 2019 ڕژانه سه‌ر شه‌قام و كۆتاییان به ته‌مه‌نی حكوومه‌تی عادل عه‌بدولمه‌هدی هێنا.
به‌ڵێنه‌كه‌ی ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا بۆ عێراقێكی دیموكراسی له‌میانه‌ی خۆپێشاندانه‌كانی 2019 به ته‌واوی بۆ جیهان ڕوونبووه‌وه كه چه‌ند شكستخواردوو و هاتنه‌دی مه‌حاڵه له‌گه‌ڵ سیسته‌می سیاسی ئێسته‌ی عێراق، چونكه هێزه‌كانی عێراق و میلیشیاكان به گولـله ڕووبه‌ڕووی خۆپێشانده‌ران بوونه‌وه و زیاتر له 20 هه‌زار گه‌نج له‌میانه‌ی خۆپێشاندانه‌كان برینداربوون و ژماره‌یه‌كی تریشیان گیانیان له ده‌ستدا، بكه‌رانی ئه‌و تاوانانه‌یش تا ئێسته نه دادگه‌یی كراون و نه تۆمهتباریشكراون، له هیچ سیسته‌مێكی دیموكراسیش بوونی نییه، كه ده‌سه‌ڵاتداران له به‌رانبه‌ر ئازادی ده‌ربڕین و ناڕه‌زایه‌تی ده‌ربڕین به گولـله ڕووبه‌ڕووی خه‌ڵكی سڤیل ببنه‌وه.
كێشه‌كه لێره‌وه ده‌ستی پێكرد، كه دوای ڕووخانی به‌عس، ئه‌مه‌ریكا عێراقی ڕاده‌ستی به‌شێك له سیاسییه په‌نابه‌ره‌كان كرد، كه ماوه‌ی چه‌ندان ده‌یه‌بوو له ده‌ره‌وه‌ی عێراق ده‌ژیان و هیچ تێگه‌یشتنێكیان بۆ واقیعی كۆمه‌ڵگه‌ی عێراق نه‌بوو، بگره له په‌ناهه‌نده‌یی وڵاتان ڕزگاریان بوو و هاتنه‌وه بۆ عێراق و ده‌سه‌ڵات و پاره و بودجه‌ی زه‌به‌لاحیان كه‌وته ده‌ست، كه ئه‌مه‌یش وایكرد بیر له گیرفان و جێگیركردنی پێگه‌ی خۆیان بكه‌نه‌وه، له‌بیری بیركردنه‌وه له داهاتووی عێراق و ده‌سته‌به‌ركردنی ژیانێكی باشتر بۆ خه‌ڵكی ئه‌و وڵاته.
ئه‌و ئه‌نجوومه‌نه‌ی ئه‌مه‌ریكییه‌كان بۆ به‌ڕێوه‌بردنی عێراق به‌شێوه‌یه‌كی كاتی دروستیان كرد، زۆرینه‌ی ڕه‌های ئه‌ندامه‌كانی په‌نابه‌ری سیاسی گهڕاوهبوون، جیا له كورده‌كان كه هه‌میشه له ناوچه‌كانی خۆیانبوون و هه‌رگیز عێراقیان بۆ هه‌میشه جێ نه‌هێشتووه، په‌ناهه‌نده گه‌ڕاوه‌كان كه دیمه‌نه‌كانی گۆڕه‌پانی سیاسی عێراقیان كۆنتڕۆڵ كردبوو، به فشاری ئه‌مه‌ریكا حكوومه‌تی كاتی و ده‌ستوور و یاسایان داڕشت و ئه‌و سیسته‌مه سیاسییه‌یان به‌رهه‌مهێنا، كه تا ئێسته‌یش كه‌س ناتوانێ ناوی بنێ دیموكراسی، بگره بریتییه له به‌ڕێوه‌بردنی به كۆمه‌ڵی په‌ناهه‌نده گه‌ڕاوه‌كان، به جۆرێك پۆست و پایه‌كان له نێوان خۆیاندا دابه‌ش ده‌كه‌ن و خه‌ڵك و شه‌قام و گه‌ل به‌لایانه‌وه گرنگ نییه و بایه‌خیان پێ ناده‌ن.