ئەژی ئەمین: نابێ چیتر هەڵبژاردن بەهۆی ترسی تاقم و حزبێك دوابخرێ و ئەزموونی كوردستان لەكەدار بكرێ

:: PM:09:38:20/03/2023 ‌
ئەژی ئەمین یاریدەدەری راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایش بەبۆنەی سەری ساڵی نوێی كوردی، پەیامێكی بڵاو كردەوە و پیرۆزبایی خۆی ئاراستەی هێزە تەناهییە فەرمییەكانی كوردستان كرد و هاوكات ئاماژەی بەوەیش دا كە پێویستە ئەمساڵ هەڵبژاردن لە كوردستان بکرێت و چیتر هەڵبژاردن بەهۆی ترس و شكستی تاقمێك دوانەخرێت و ئەزموونی هەرێمی كوردستان لەكەدار نەکرێ. 

لە پەیامەكەی ئەژی ئەمیندا هاتووە، بەبۆنەی هاتنەوەی نەورۆز و سەری ساڵی کوردی، پیرۆزبایی لە تەواوی کوردانی هەرچوار پارچەی کوردستان دەکەم بە تایبەتی لە کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان و پێشمەرگە دلێرەکان، زیندانیانی سیاسی و کارمەندو سەربازە ونەکانی ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان و تەواوی هێزە فەرمییەکانی کوردستان.

لە درێژەی پەیامەكەیدا ئەمین دەڵێ ‎بەپێویستی دەزانین پشتیوانی خۆمان دەرببڕین بۆ راستکردنەوەی دۆخی هەرێمی کوردستان، ئەمەش بە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە ئەمساڵدا. دووپاتیشی كردەوە  کە نابێ چیتر هەڵبژاردن بەهۆی ترس و شکستی تاقمێک دوابخرێت و ئەزموونی هەرێمی کوردستان لەکەدار بکرێ.

"‎لەم نەورۆزە بەڵێن بە هاوسەنگەر و خوشک و براکانمان لە حزبی شەهیدان دەدەین کە کۆڵنادەین بۆ راستکردنەوەی دۆخی یەکێتی و بەرپاکردنی ئاشتەوایی لەگەڵ بنکەو جەماوەری حیزبەکەی سەرۆک مام جەلال"لە درێژەی پەیامەكەی ئەژی ئەمیندا هاتووە. 

ئەژی ئەمین زیاتر نووسیوویەتی، ‎ ئەوەی ئێستە هەیە تاقمێک لە حزبی شەهیدان ڕۆژانە خەریکی پەلاماری کچ و ژن و کادرانی دڵسۆزی یەکێتی و داودەزگا فەرمیەکانی سلێمانین، جگە لە تاڵانی بانکەکان و فرۆشتنی خاک و زەویوزار، هیچیتر ناکەن. بەڵام دڵنیاتان دەکەمەوە ئەو دۆخە وەکو ئێستا نامێنێتەوە. داوای ئارامگرتن و دانبەخۆداگرتن لە تەواوی کارمەند و ئەفسەرانی دەزگا ئەمنییە فەرمییەکان دەکەین و دڵنیابن ئەو تاکڕەوی و یاساشکێنییە بەردەوام نابێ، چونکە یەکێتی حیزبی هەزاران شەهیدو سەرکردەیە نەک شێتخانە.

ئەژی ئەمین بەرپرسی دەزگای زانیاریی پێشوو و یاریدەدەری سەرۆکی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیی کوردستان، بەهۆی ململانێ توندەکانی ناوخۆی یەکێتی سلێمانی جێهێشتووە و کارەکانی لە هەولێر دەکات.

ئەو پێشتر پشتیوانی بافڵ تاڵەبانی بوو بۆ گۆڕانکاریی، بەڵام دواتر بافڵ لێی هەڵگەڕایەوە و کێشە کەوتە نێوانیان، تا چەکدارەکانی هەڵیانکوتایە سەر منداڵەکانی لە سلێمانی.
 


وشە - وشه‌