نرخی نەوت لە سەرووی 70 دۆلار مامەڵەی پێوە دەكرێ

:: AM:09:24:21/03/2023 ‌
لە بۆڕسەكانی نەوت لە دنیا، نرخی نەوت دابەزیوە، بەشێوەیەك بەرمیلێك برێنت بە 73.10 دۆلار مامەڵەی پێوە دەكرێ، ماوەی دوو هەفتەیە بەهاكەی روو لە لێژییە. 

ئەمڕۆ سێشەم 21ی ئادار، لە بۆڕسەكانی دنیا نرخی یەك بەرمیل نەوتی برێنت بە 73.10 دۆلار مامەڵەی پێوە دەكرێ.

هەروەها نرخی یەك بەرمیل نەوتی خاوی تێكساس بە 66 دۆلار مامەڵەی پێوە دەكرێ. ئاژانسەكان ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن بەراورد بە هەفتەی رابردوو، پێنج دۆلار نرخەكەی دابەزیوە.

نرخی نەوت لە ماوەی هەفتەی رابردوو بەشێوەیەكی بەرچاو دابەزی و نرخەكەی بە 70 دۆلار مامەڵەی پێوە دەكرا.

هۆكارەكانی دابەزینی نرخی نەوت بۆ بەرزبوونەوەی رێژەی هەڵاوسان و دووبارە بەرزكردنەوەی رێژەی سوودی بانكی لەلایەن بانكی ناوەندیی ئەمەریكا دەگەڕێتەوە. هۆكارێكی تری شكانی بازاڕی نەوت پێوەندیدارە بە مایەپووچبوونی بانكێكی بەناوبانگی ئەمەریكا بە ناوی سیلیكۆن لی. 

رێككەوتنی ئێران و سعوودیە و ئەگەری خستنەڕووی زیاتری نەوت بەتایبەتی لەلایەن ئێران، كاریگەریی لەسەر دابەزینی نرخی نەوت هەبووە كە بە هۆكاری سێیەم هەژمار دەكرێت.

هەورەها پێشتر لە ژێر كاریگەریی كرانەوەی بازاڕەكانی چین، نرخی نەوت هەڵكشابوو و تەنانەت پێشبینی ئەوە كرابوو زیاتر بەرز ببێتەوە.

بەهای نەوت لە نیوەی دووەمی شوباتی ساڵی 2022ەوە لەگەڵ دەستپێكی جەنگی ئۆكراینا، بە رێژەیەكی بەرچاو هەڵكشا و بەگشتی لە زۆربەی مانگەكانی ساڵی رابردوودا، نەوت لە سەرووی 90 دۆلار فرۆشرا و هەندێك هەفتە سەرووی 130 دۆلاریشی تۆمار كرد، بەڵام لە كۆتاییەكانی ساڵ بۆ خوارووی 85 دۆلار دابەزی.


وشە - زریان تەها