حەوت ملیار یۆرۆ وەك هاوكاری بۆ بوومەلەرزەكەی توركیا و سووریا كۆ كرایەوە

:: AM:09:59:21/03/2023 ‌
لە كۆنگرەیەكی برۆكسل لەبارەی هاوكاریی نێودەوڵەتی بۆ بوومەلەرزەكەی توركیا و سووریا كە زیانی زۆری لەو دوو وڵاتە دابوو، لەلایەن وڵاتانی هاریكارەوە بڕی حەوت ملیار یۆرۆ بۆ گەلی توركیا و سووریا كۆ كرایەوە.

پێگەی "ئیلاف" ئەمڕۆ سێشەم 21ی ئادار بڵاوی كردووەتەوە، سەرۆكی سوید ئۆلف كریسترسۆن كە وڵاتەكەی سەرۆكایەتیی خولیی یەكێتیی ئەوروپا دەكات، گوتوویەتی شانازین كە دەبینین لەلایەن وڵاتانی هاریكارەوە پاڵپشتیی زیااتری توركیا و سووریا بەهۆی بوومەلەرزەكەوە دەكرێت، تەواوی ئەو هاوكارییانەی ئەمڕۆ كۆ كراونەتەوە، گەیشتووەتە حەوت ملیار یۆرۆ.

ئەوەشی گوت كە ئەمڕۆ گوێمان چەندان پەیامی حكوومەتەكانی دنیا بووە، كە دەڵێن "زیانلێكەوتووان بە تەنیا نین، بەڵكو ئێمە لەگەڵتانین".

لەلایەكی تریشەوە سەرۆكی كۆمسیۆنی ئەوروپا فۆن دێر لاین روونی كردووەتەوە، زۆربەی هاوكارییەكان بۆ توركیا دەچێت كە زۆرترین زیانی بەركەوتووە، دواتریش سووریا كە لە هەردوو وڵات زیاتر لە 56 هەزار كەس بەهۆی بوومەلەرزەكەوە گیانیان لە دەست دا.

دێر لاین دووپاتی كردەوە كە ئەمڕۆ رۆژێكی زۆرباش بوو بۆ هاریكاریی نێودەوڵەتی، لە كۆنگرەكەدا 60 شاند ئامادەی بوون، ئەمەیش سەرەتایە و بەردەوام دەبین. كاری زۆرمان لە پێشە، بڕیارە هەردوو رۆژی 14 و 15ی حوزەیرانی داهاتوو، هەمان كۆنگرە لە سووریا بەڕێوە بچێت.

تەنیا كۆمسیۆنی ئەوروپی بڕیاری دا بڕی یەك ملیار یۆرۆ بۆ هاوكاریی توركیا بۆ زیانەكانی و بڕی 108 ملیۆن یۆرۆیش بۆ سووریا دابین بكات. هاوكات بانكی ئەوروپیش بڕی 500 ملیۆن یۆرۆ وەك قەرز بۆ توركیا دابین دەكات.

لە شەشی شوباتی رابردوو كە بوومەلەرزەیەكی بەهێز، توركیا و سووریای گرتەوە و زیانی زۆری بەدواوە بوو، زیاتر لە 56 هەزار كەس بەهۆیەوە گیانیان لە دەست دا، دەیان هەزاران كەسیش بریندار بوون، هەزاران باڵەخانە و خانوو لە هەردوو وڵات وێران بوون.


وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د