ئاو.. هەرزانترین خواردنەوە بۆ دابەزاندنی كێش

:: PM:01:11:21/03/2023 ‌
زۆربەی بۆچوونەكانی پزیشكان لەبارەی خواردنەوەی ئاو و سوودەكانی بۆ جەستە، ئەوەیە كە رۆژانە بۆ تەندروستییەكی باش، زۆرترین رێژەی ئاو بخورێتەوە، لەو هەواڵەدا پزیشكێك سوودەكانی ئاو شی دەكاتەوە كە زیاتر سوودی بۆ دابەزاندنی كێش هەیە.

پێگەی "عەرەبیە" ئەمڕۆ سێشەم 21ی ئادار بڵاوی كردووەتەوە، لەبارەی سوودەكانی خواردنەوەی ئاو، فەلەك حەنیف كە پزیشكێكی ژنە و پسپۆری خۆراكە لە بنگاری هیندستان، لەڕێی پێگەی "Health Shots" رێنوێنیی بڵاو كردووەتەوە كە مرۆڤ رۆژانە تا چەند پێویستیی بە خواردنەوەی ئاو هەیە، لەناو سوودەكاندا ئاماژە بەوە دەكات كە خواردنەوەی زۆری ئاو دەبێتە هۆی دابەزاندنی كێش.

ئەو پزیشكە باسی لەوە كردووە كە ئاو بۆ هاوسەنگیی پلەی گەرمیی جەستە و گواستنەوەی توخمەكانی خۆراك بۆ مرۆڤ زۆر گرنگە، لەوەش گرنگتر رێیەكە بۆ دابەزاندنی كێش، بۆیە گرنگە رۆژانە بەلای كەمەوە كەسێكی ئاسایی دوو لیتر ئاو بخواتەوە، ئەویش بە دەركردنی مادە ژەهراوییەكان لە جەستە.

زیاتر گوتوویەتی، لە هەموو ئەوانە گرنگتر ئەوەیە كە مرۆڤ بزانێ كەی برسی دەبێت و هەست بە وشكبوونەوە بكات، پێویستییی بە خواردنەوەی ئاو دەبێت، ئەویش دوای چالاكیی جەستەیی ماندووكەر، ئەوكات هەست بە توینێتی دەكات.

ئەو پزیشكە باسی لەوەش كردووە كە لە چ كاتێكدا پێویستە ئاو بخورێتەوە تا بەهۆیەوە كێش دابەزێت. بۆیە ئاماژەی بەوە داوە كە بەرلە نانخواردن كووپێك ئاو بخورێتەوە، ئەوە وا دەكات هەستی برسێتی كەم ببێتەوە و كەمترین خواردنیش بخورێت.

ئەوەشی گوتووە كە لە كاتی وەرزشكردندا، بەرلە وەرزشەكە و دوای وەرزشیش، خواردنەوەی ئاو سوودی دەبێت بۆ دابەزاندنی كێش. دەبێ ئاو جێگرەوەی هەموو ئەو خواردنەوانە بێت كە مرۆڤ زۆرجار ئارەزووی پێ دەكات، وەك خواردنەوە گازییەكان یان ماستاو و خواردنەوەكانی تر.

دواتریش پزیشكەكە ئامۆژگاری دەكات بەوەی لە كاتی نانخواردن و لە دوای نانخواردنیش، هەوڵ بددرێت ئاو نەخورێتەوە، چونكە رەنگە ببێتە هۆی ئاوسانی سك، ئەگەر نا رۆژانە پێویستە هەوڵی خواردنەوەی ئاوی زۆر بدرێت، بەڵام بەرلە خەوتن نابێ ئاو بخورێتەوە، رەنگە ببێتە هۆی ئارەقكردن یان كاریگەریی لە چۆنێتیی خەوەكەی دەكات.


وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د