كلیچدارئۆغڵو: قەندیل بەسەر پەكەكەدا دەڕووخێنم

:: PM:09:08:22/05/2023 ‌

بڕیارە دووەم گەڕی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی توركیا لە 28ی ئەم مانگە بەڕێوە بچێت، لە یەكەم گەڕدا كە لە 14ی ئەم مانگە بەڕێوە چوو، رەجەب تەیب ئەردۆغان لە پلەی یەكەم هات و زیاتر لە 49%ی دەنگەكانی مسۆگەر كرد، كەمال كلیچدارئۆغڵۆش توانی نزیكەی 45%ی دەنگەكان بەدەست بێنێت، ئێستە هەردوو كاندید بەڵێن و گوتارەكانیان بۆ بەدەستهێنانی زیاترین دەنگ گۆڕیوە.

لەو كاتەی ئەردۆغان پشتی بە دەنگی پارێزگارانی تورك بەستووە، كلیچدارئۆغڵو هەوڵی راكێشانی دەنگی راستڕۆ توندڕۆ نەتەوەپەرستەكان دەدات، ئەو لە ئەڵقەیەكی گفتوگۆیی كە بڕیارە سبەی سێشەم لە كەناڵێكی یوتیوب بێتە پەخشكردن، چەند قسەیەكی توند سەبارەت بە پەكەكە و پەنابەران دەكات. 

بەپێی قسەكانی كلیچدارئۆغڵو كە لە دانیشتنەكە لەلایەن بەشدارانی دزەی پێ كراوە، پرسیاری هەڵوێستی ئەو لەبارەی پەكەكە كراوە، ئەو بەڵێن دەدات كە ئەگەر ببێتە سەرۆك، چیای قەندیل بەسەر پەكەكەدا بڕووخێنێت، دووپاتیشی كردەوە كە تاكە سەركردەیە لە لایەن پەكەكەوە هەوڵی تیرۆركردنی دراوە. 

وەهاب جۆش كون، مامۆستای زانكۆ دەڵێت، بڕیارە سبەی ئەڵقەكە پەخش بكرێت، كە ژمارەیەكی زۆر لە گەنجان تیایدا بەشداریان كردووە و پرسیاری بوێرانەیان كردووە، ئەو قسانەی كلیچدارئۆغڵوش لە لایەن ژمارەیەك لە بەشدارانی ئەڵقەكە دزەی پێ كراوە و گۆڕان نییە لە گوتار و هەڵوێستەكانی، بەتایبەتی كە پارتەكەی، پارتی گەلی كۆماری وەك رێكخراوێكی تیرۆریستی سەیری پەكەكە دەكات.

زیاتر گوتی، پێشتر كلیچدارئۆغڵو باسی هەوڵی تیرۆركردنی لەلایەن پەكەكەوە كردبوو، بەڵام ئەو دووبارەكردنەوەی باسەكە بەهۆی زۆری ئەو دەنگانە بووە كە لە گەڕی یەكەم راستڕۆ توندڕۆكانی تورك بەدەستیان هێناوە و ئێستە ئەو دەیەوێ بۆخۆیان رابكێشێت.

لە یەكەم گەڕی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی توركیا ئەردۆغان و كلیچدارئۆغڵو چوار خاڵیان لەنێوان هەبوو، بۆیە كلیچدارئۆغڵو دەیەوێ لە رێگەی دەنگی نەتەوەپەرستەكانی دەنگیان بە سینان دۆغان دابوو، پێش ئەردۆغان بكەوێتەوە، بۆیە گوتارەكەی زیاتر بۆ خۆنزیككردنەوەیە لەوان، بەتایبەتی بە بەڵێنی لەبارەی دەركردنی پەناخوازان.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل