ئامادەكاری بۆ دابەشكردنی مووچەی مانگی پێنج دەستی پێ‌ كرد

:: AM:09:25:25/05/2023 ‌
لە سەرجەم فەرمانگەكانی حكوومەت، ئامادەكاری بۆ دابەشكردنی مووچەی مانگی پێنج دەستی پێ‌ كردووە و ئێستە زۆربەی فەرمانگەكان، لیستی مووچەیان ئامادە كردووە و بۆ گەنجینەكانیان بردووە.

دابەشكردنی مووچە یەكێكە لە كارە لە پێشینەكانی حكوومەت، ئەمەیش بەمەبەستی ئەوەی فەرمانبەر تووشی كێشەی ئابووری نەبێت، ئێستە ئامادەكاری بۆ دابەشكردنی مووچەی مانگی ئایار دەستی پێ‌ كردووە.

كارەكانی خەرجكردنی پێشینەی مانگانەی فەرمانگەكان ناكرێت و پێویستە سەرەتا لیستی مووچە ببەن.
ئەمڕۆ پێنجشەم 25ـی ئایار، بەپێی ئەو زانیارییانەی بە "وشە" دراون، لە سەرجەم فەرمانگەكانی حكوومەت، دەست كراوە بە ئامادەكاری بۆ بردنی لیستی مووچە بۆ گەنجینەكانی حكوومەت بەمەبەستی وردبینی.

باس لەوەش كراوە، هەر فەرمانگەیەكی حكوومەت تا لیستی مووچەی نەهێنێت، كارەكانی خەرجكردنی پێشینەی مانگانەی فەرمانگەكان ناكرێت و پێویستە سەرەتا لیستی مووچە ببەن.

بەپێی بڕیارێكی وەزیری دارایی و ئابووری، ئەمڕۆ كۆتا ڕۆژی بردنی لیستی مووچەیە بۆ گەنجینەكان، هەر فەرمانگەیەك نەیبردبێت، خۆی بەرپرسیارە لە دواكەوتنی مووچەی فەرمانبەرانی.

ئێستە لە نێوان هەولێر و بەغدا رێككەوتنێك هەیە، پێویستە ناوەند پارەی مووچەی فەرمانبەران و خەرجییەكان دابین بكات.



وشە - رامیار جەواد