ئەلعەرەبی جەدید: یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان نزیكە لە لەناوچوون

:: PM:01:59:03/06/2023 ‌
لەگەڵ نزیكبوونەوەی هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی كوردستان و ئەنجوومەنی پارێزگاكانی عێراق كە بڕیارە لە كۆتایی ئەمساڵدا بەڕێوە بچن، گرژی نێوان هەردوو باڵی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە سلێمانی كە بریتین لە بافڵ تاڵەبانی كوڕی مام جەلال و لاهوور شێخ جەنگی، بەردەوامە.
 
لە دوای كۆچی دوایی مام جەلال لە ساڵی 2017وە، حزبەكە بە هاوبەشی لە نێوان پاڤێل تاڵەبانی بە پاڵپشتیی هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد هاوسەری جەلال تاڵەبانیی دایكی و لاهوور شێخ جەنگی برازای تاڵەبانی و سەركردەی چالاكی حزبەكە بەڕێوە دەبرێت، بەڵام لە سەرەتای مانگی تەمووزی 2021 بافڵ تاڵەبانی كودەتایەكی بەسەر لاهوور شێخ جەنگیدا كرد و چەند پۆستێكی لێ سەندەوە، هەروەها ژمارەیەك لەو كەسانەی پێوەندییان بەوەوە هەبوو، دووری خستنەوە كە دیارترینیان سەركردە تەناهییە هەستیارەكانی سلێمانی بوون.

ماڵپەڕی "ئەلعەرەبیی جەدید" ئەمڕۆ شەموو، بە بڵاوكردنەوەی راپۆرتێك لەسەر بارودۆخی ناوخۆی یەكێتی و نزیكبوونەوەی وادەی هەڵبژاردنەكان، ئاماژە بە بەردەوامیی ململانێی دوو ئامۆزاكە كردووە و دەڵێ، "لاهور شێخ جەنگی پێش دەركردنی لەگەڵ ژمارەیەك سەركردەی حزبەكە، هاوسەرۆكی یەكێتی بوو، ئەو ململانێیە هێشتا تەواو نەبووە و بەردەوامە و چاوەڕوان دەكرێ گورزی كوشندە لە ئاستی حزبەكە لە هەڵبژاردنەكانی داهاتوودا، بدات.

ئاماژەی بەوەیش داوە كە لە سلێمانی لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا، چەندان ڕووبەڕووبوونەوەی چەكداریی ناڕاستەوخۆ لە نێوان هەردوو سەركردەدا روویان داوە، ئەوەیش دوای پەرەسەندنی ناكۆكییەكان كە بە گۆڕانكاری لە پۆستە گرنگەكانی پارێزگاكەدا سەری هەڵدا، بەتایبەتی هەڵوێستە لایەنگرانەكانی سەرۆكایەتیی دەزگای زانیاری و دژەتیرۆری سلێمانی، بەردەوام بوو تا بافڵ تاڵەبانی دەسەڵاتی گرتە دەست.

"یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان دوای دابەشبوونی لە نێوان بافڵ تاڵەبانی و لاهوور ششێخ جەنگیدا، كە خەریكە حزبەكە بەرەو كۆتاییهاتن دەبات، لە بەرانبەریدا ململانێكارە كۆنەكەی كە پارتی دیموكراتی كوردستانە، لە فرەوانبووندایە و ئێستە كاری زیاتر لەسەر خەڵكی ناوچەكانی سلێمانی، كەركووك و هەڵەبجە دەكەن" ئەلعەرەبییە وا دەڵێ.

دەرئەنجامی ئەم ململانێ درێژخایەنانەی ناو یەكێتی، دابەزینی ژمارەی كورسییەكانی ئەو حزبەی لە دوا هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لێ كەوتەوە، بۆیە پێشبینی لەناوچوونی لە هەڵبژاردنە ناوخۆییەكان و هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی هەرێمەكە دەكرێت، كە بڕیارە مانگی تشرینی دووەم/نۆڤێمبەری ئەمساڵ بەڕێوە بچێت.

یەكێتی نیشتمانیی كوردستان لە ساڵی 1975 دامەزراوە و تا ئێستەیش بە قۆناغێكی جێگیردا نەچووە و بەردەوام ململانێی تێدایە و حزب و باڵی لێ دەبێتەوە، هەڵبژاردن دوای هەڵبژاردن ژمارەی دەنگ و كورسییەكانی بەرەو كەمبوونەوە چووە و ئێستەیش كە دوو هەڵبژاردنی گرنگی لەپێشە، سەركردە چالاك و خاوەن خەبات و بە ئەزموونەكانی پشتگوێ خراون و هەموویان لە ماڵەوە رۆڵی بینەر دەبینن.

لاڤین عومەر





وشە - تایبه‌ت