پلەكانی گەرما دادەبەزێت

:: PM:11:05:04/06/2023 ‌


ئەمساڵ تێكەڵبوونێكی نائاسایی لە نێوان وەرزەكانی ساڵدا تێبینی دەكرێت و كەشوهەوای عێراق و هەرێمی كوردستان ناجێگیرە، كەشناسێك پێشبینی دەكات بەهۆی كاریگەربوونی ناوچەكە بە جیاوازی پەستانی دەریای سپی ناوەڕاستەوە، بایەك هەڵ دەكات كە خۆڵ و نمە باران و كەمبوونەوەی پلەی گەرمای لەگەڵە.

واسق سەلامی، كەشناس لە پۆستێكی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك دەڵێت، بەهۆی هەڵكردنی ئەو بایەی بەهۆی جیاوازیی پەستانی نێوان ناوچەكە و دەریای سپی ناوەڕاستەوە دروست دەبێت، كەشوهەوایەكی وشك و خۆڵاوی بەسەر ناوچەكەدا زاڵ دەبێت.

روونی كردەوە، سبەی دووشەم پلەی گەرما تا دوو پلەی سەتی كەم دەبێتەوە و رۆژی سێشەم بەرز دەبێتەوە، رۆژانی سێشەم و چوارشەم لە چەند ناوچەیەكی هەرێمی كوردستان و باكور و ناوەڕاستی عێراق دڵۆپی باران و هەورە برووسكە دەبێت. 

شایەنی باسە ساڵانە لە كۆتایی مانگی ئایار و لە مانگی حوزەیران بەهۆی جیاوازی پەستان لە نێوان دەریای سپی ناوەڕاست و نیوچە دوورگەی عەرەبی و شام و عێراق، جۆرە بایەك هەڵ دەكات كە خۆڵبارین و رەشەبای خۆڵاوی و دەنكۆڵەی بارانی لەگەڵدا دەبێت.

 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل