گوێگرتن لە گۆرانیی خەمگینی سوود دەگەیەنێت

:: AM:09:39:05/06/2023 ‌
جیا لە نەخۆشییە دەروونییەكان، هیچ كەسێك پێی خۆش نییە بە خەمگینی بمێنێتەوە و ناوەوەی خۆی بخواتەوە، كەچی زۆربەمان ویستمان بۆ گوێگرتن لە گۆرانیی خەمگینی هەیە. توێژینەوەیەكی ئەمەریكی رۆشنایی دەخاتە سەر ئەو ویستەی مرۆڤ و هۆكارەكانی ئاشكرا دەكات.

پێگەی "عەرەبیە" ئەمڕۆ دووشەم پێنجی حوزەیران بڵاوی كردووەتەوە، بەپێی توێژینەوەیەك كە فەیلەسووف و زانای زانستی دەروونی لە زانكۆی یێل جۆشوا نۆب كردوویەتی، ئەوەی ئاشكرا كردووە كە خەڵكێكی زۆر لە بری گوێگرتن لە موزیك و گۆرانیی خۆشی، زیاتر گوێ لە گۆرانیی خەمگینی دەگرن، ئەمە نەك هەر نەخۆشی نییە، بەڵكو سوودی زۆریشی بۆ گوێبیستەكان دەبێت.

جۆشوا نۆب بەپێی توێژینەوەكەی باس لەوە ددەكات، پرسەكە ئەوە نییە كە كەسەكە ویستی بۆ هەڵگرتنی خەم هەبێت، چونكە لە گوێگرتن لە وشەكان و ئەو موزیكەی پێت دەگات، هەستێكی ئەرێنیت پێ دەبەخشێت و تێكەڵی خەمی كەسانی تریش دەبیت، ئەوەیش بۆ تەندروستیی مێشك و بیركردنەوە زۆر پێویستە.

زیاتر گوتوویەتی، بە گوێگرتن لە گۆرانی و موزیكی خەمگینی، نەك هەر لە گۆشەگیری دوور دەكەوینەوە، بەڵكو زیاتر بەردەوامی بە پێوەندییەكان دەدەین بەتایبەتی پێوەندییە كۆمەڵایەتییەكان. خەمگینی لە گۆرانیدا كە نموونەی خۆشەویستی و خۆشیت بۆ دەگێڕێتەوە.

دواتریش ئەو فەیلەسووفە روونی كردووەتەوە، ئایا هەست بە تەنیایی دەكەیت، یان هەست بە گۆشەگیری دەكەیت؟ باشترین ئەزموون ئەوەیە گوێ لە موزیك بگریت و ئەگەر موزیكەكە خەمگینیش بێت، هەست دەكەیت بە تەنیا نیت.

پێشتریش توێژینەوەكان ئاشكرایان كردووە كە ئەوانەی گوێ لە گۆرانی و موزیكی خەمگینی دەگرن، بەهۆی ئەوە نییە خەمەكانیان زیاتر بكەن، بەپێچەوانەوە یارمەتییان دەدات لەوەی هەست بە خەمی كەسانی تر بكەن، ئەوەیش لە راپۆرتێكی گۆڤاری Emotionدا هاتووە كە كۆمەڵەی زانستی دەروونی ئەمەریكا بڵاو كراوەتەوە.





وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د