ماڵتی ڤیتامینەكان بیرەوەری باشتر دەكەن

:: AM:10:27:05/06/2023 ‌
ژمارەیەک ئافرەتی توێژەر لە زانكۆی كۆڵۆمبیا، کۆمەڵێک توێژینەوەیان ئەنجام دا كە ئەنجامەكانی چاوەڕواننەكراو بوو و سەلمێنراوە ماڵتی ڤیتامینەكان بیرەوەریی بەتەمەنەكان باشتر دەکەن.

ئەمڕۆ دووشەم پێنجی حوزەیران، ماڵپەڕی (واع) بڵاوی كردەوە، لە توێژینەوەیەكی هەڕەمەكیدا كە هەزار كەس بەشدارییان كردبوو و خەڵکی سەرووی تەمەن 60 ساڵیشی تێدابوو، ئەوان بەسەر دوو گرووپ دابەش كرابوون، گرووپی یەكەم تەواوكەری خواردنی چەند ڤیتامینێكیان پێ درابوو، گرووپی دووەم پلاسیبۆیان خواردووە. بەپێی ماڵپەڕی پزیشكی توێژینەوەكە دوو ساڵی خایاندووە بۆ هەوڵدان و باشتركردنی مەعریفەی كەسانی بەساڵاچوو.

سەرچاوەکە ئەوەشی راگەیاند، ئەنجامەكان دەریانخست كە خواردنی ماڵتی ڤیتامینێكی ڕۆژانە، بەشدارە لە خاوكردنەوەی دابەزینی بیرەوەریی پێوەست بە تەمەنەوە، چونكە یادەوەریی ئەو كەسانەی كە ڕۆژانە ماڵتی ڤیتامینیان خواردووە، بەشێوەیەكی بەرچاو باشتر بووە بە بەراورد بەوانەی كە پلاسیبۆیان دەخوارد.

ئەو ماڵتی ڤیتامینەی لە توێژینەوەكەدا بەكار هاتووە، بە وردی دروست كراوە بۆ ئەوەی كۆمەڵێك ڤیتامین و كانزا و دژە ئۆكسێنەری پێویست لەخۆ بگرێت كە ناسراون بە پاڵپشتی تەندروستیی مێشك.





وشە - لاڤین عومەر