ئەو پێنج هۆكارەی كار لە سپێرمی پیاو دەكەن

:: PM:06:01:05/06/2023 ‌

ئێستە ژمارەی دانیشتووانی زەوی زۆر بووە و گەیشتووەتە سەرووی هەشت ملیار كەس، لەگەڵ ئەوەش چەندان بەربەست و كێشە بۆ توانای وەچەخستنەوە درەست بووە، بە مانایەكی تر ئەو ژمارە زۆرە ئەوە ناگەیەنێت كە توانای وەچەخستنەوە وەك پێویستە، چونكە لە هەندێك وڵات و كۆمەڵگە بە خواستی گەنج و خێزانەكان لە وەچەخستنەوە سست بوونەتەوە و لە هەندێكیشی بەهۆی چەند هۆكارێك و بێ ویستی خۆیان ئەوە رووی داوە.

بەپێی راپۆرتێكی پزیشكی لە ماوەی ساڵانی دوایی سپێرمی پیاو كاریگەری كەوتووەتە سەر و لەبەر هۆكاری جیا جیا ژمارەی كەم بووەتەوە، بۆیە مەترسی دروست بووە لە داهاتوو بابەتەكە زیاتر پەرە بستێنێت، بەپێی ئەو راپۆرتەی توێژەران لە زانكۆی سیمیلویس لە هەنگاریا ئامادەیان كردووە و پشتی بە 27 هەزار توێژینەوە بەستووە بۆ دیاریكردنی هۆكاری كەمبوونەوەی توانای وەچەخستنەوەی پیاو، چەند هۆكارێك بۆ ئەو كەمبوونەوەیە دیاری كراون.

ئێستە مەترسیی رژد لەبارەی كوالیتی سپێرم و توانای پیتاندنی هیلكۆكە و دروستبوونی كۆرپەلە دروست بووە، بەپێی داتاكان ژمارەی سپێرمەكان لە 50 ساڵی دوایی بۆ نیوە كەم بووەتەوە، بەتایبەتی لە ساڵی 2000 ەوە ئەو كەمبوونەوەیە دوو هێند بووە، بەپێی راپۆرتەكە لەو هۆكارانەی بە نەرێنی كاریان كردووەتە سەر سپێرم، پیسبوون و جگەرەكێشان و تەمەن و هەندێك نەخۆشین.

بەپێی راپۆرتەكە ئەم هۆكارانەی خوارەوە وەك مەترسی بۆ سەر توانای وەچەخستنەوە دیاری كراون:

*جگەرەكێشان، دەبێتە هۆی لێكهەڵوەشانەوەی ترشی ناوەكی سپێرمەكان بە تێكڕای 9.19% بە بەراورد بەوانەی جگەركێش نین.

*خواردنەوەی كحول و زیادیی كێشی لەش، ئەوانەش بە نەرێنی كار لە ترشی ناوەكی سپێرم دەكەن.

* پیسبوون، كار لە سپێرم دەكات.

*هەندێك نەخۆشی ئۆرگانی وەك دەوالی گون، كە لێكهەڵوەشانەوەی سپێرن بە تێكڕای 13.62% زیاد دەكات.

*گرێ یان لوو، لێكهەڵوەشانەوەی سپێرم بە تێكڕای 11.3% زیاد دەكات، جیا لە نەخۆشی تر.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل