هۆكاری ئازاری خوارەوەی پشت چییە؟

:: PM:06:12:07/06/2023 ‌

زۆرێك بەدەست ئازاری خوارەوەی پشتیان دەناڵێنن، ئەوان وەك كەسێكی نائاسایی و پەككەوتە دەردەكەون، لە 2020 ژمارەی تووشبووان بەو حاڵەتە لە دنیا گەیشتە 619 ملیۆن كەس، چاوەڕوانیش دەكرێت ژمارەیان لە 2050 بگاتە 843 ملیۆن كەس، وەك توێژەرانی نێودەوڵەتی باسی دەكەن.

بەم دواییە لە شیكارییەك لە بەریتانیا بڵاو كرایەوە، توێژەران ئاماژەیان كرد كە ئازاری خوارەوەی پشت هۆكاری سەرەكییە بۆ ژیانی نائاسایی زۆرێك لە دنیا، 40%ی ئەو حاڵەتەش بۆ جگەرەكێشان و قەڵەوی دەگەڕێتەوە، جیا لە هۆكاری تری وەك زۆر دانیشتن یان زۆر وەستان بەپێوە یان خۆچەماندنەوە و بەرزكردنەوەی بە هەڵەی شتەكان.

چەند توێژینەوەیەكی پێشوو بوونی پێوەندی جگەرەكێشانیان بە ئازاری خوارەوەی پشت سەلماند، بەهۆی كاریگەریی نیكۆتین لەسەر گرژبوونی لوولەكانی خوێن و تووشبوون بە رەقبوونی خوێنبەرەكان، ئەوەش دەبێتە هۆی كەم گەیشتنی خوێن بۆ ئێسك و خەپڵەی نێوان بڕبڕەكان و ماسولكەكانی پشت.

دەكرێ مرۆڤ خۆی لەو حاڵەتە بپارێزێت یان كار بۆ سووككردنی ئازارەكەی بكات، بەتایبەتی لە تەمەنی خوار 60 ساڵی، جیا لە بوونی چارەسەری كە دەتوانرێت لە ماوەی چەند هەفتەیەك لەگەڵ ئەو ئازارە ببێتەوە، بەدەگمەنیش پێویستی بە نەشتەرگەری هەیە، بەگشتی چەند هۆكارێك بۆ ئازاری خوارەوەی پشت هەیە ئەوانیش:

1-پووكانەوە و لاوازیی بڕبڕەكانی پشت.
2-كێشە لە ماسولكە و بەستەرەكانی خوارەوەی پشت، كە كار لە توانای جووڵانەوەی بڕەبڕەی پشت دەكات.
3-گرژبوونی ماسولكەكانی پشت، بەهۆی بەرزكردنەوەی شتی قورس.
4-كێشە لە خەپڵە كڕكڕاگەییەكانی نێوان بڕبڕەكان.
5-لاوازیی ماسولكەكانی خوارەوەی پشت.
6- هەندێك نەخۆشی لە ژنان وەك گرژبوونی منداڵدان لە كاتی سووڕی مانگانە.
7-تووشبوونی بە نەخۆشییەكانی كۆئەندامی هەرس.
8-نەخۆشییەكانی گورچیلە. 


وشە - مه‌حموود ئیسماعیل