بڕیارە سعات یەكی دوای نیوەڕۆی سبەی پێنجشەم پەرلەمانی عێراق دانیشتنی دەنگدان لە پڕۆژەیاسای بودجەی گشتی عێراق بۆ سڵانی 2023 و 2024 و 2025 ساز بكات، بەدەر لەو كێشانەی پێشبینی دەكرێت لەناو پەرلەمان پەسندكردنی پڕۆژەكە دوا بخەن، كێشەی دەستكاریكردنی لیژنەی دارایی لە دوا ساتەكان پێوەست بە بودجەی هەرێم، ئاڵۆزییەكی گەورەی بۆ دانیشتنەكە و تێپەڕاندنی یاساكە دروست كردووە.
جیا لەوەی پەرلەمانتاران و ئەندامانی دارایی پەرلەمان كە كێشەكەیان دروست كرد، باسی تێپەڕاندنی پڕۆژەیاساكە لە دانیشتنی سبەی دەكەن، ئەگەر بە زۆرینەی پەرلەمانیش بێت، ئەوان گومانیان لەوە هەیە پێشنیازەكانیان، كە سەبارەت بە پشكی هەرێم كردیان و چەسپاندنیان سەر بگرێت، یووسف كیلابی، كە ئەندامی لیژنەی داراییە و نەیارێكی سەرسەختی مافەكانی هەرێمە، لە تویتێك ددان بەوەدا دەنێت هێزە سیاسییەكان رەشنووسی پڕۆژەكەیان رفاندووە و دەیانەوێ بە شێوە كۆنەكەی تێپەڕی بكەن.
بەر لە كیلابیش حوسێن موئنیس، ئەندامێكی تری لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لە تویتێك ئاماژەی بۆ ئەوە كرد كە هەر كەسێك كۆپییە دەستكراویكراوەكەی بودجەی دۆزییەوە، با بۆ لیژنەی دارایی بیگەڕێنێتەوە، كە نزیكەی دوو هەفتەیە لە لایەن هێزە سیاسییەكانەوە رفێنراوە، لەوكاتەی دوێنێ ئیخڵاس دلێمی، ئەندامی لیژنەی دارایی لە فراكسیۆنی پارتی رای گەیاند كە پارتەكەی رەزامەندی نواندووە لەسەر سازكردنی دانیشتنی پێنجشەمی پەرلەمان لەبارەی بودجە، دوای دەنگدان لەسەر پڕۆژەكە لە دادگەی فیدراڵ تانەی لێ دەدەین.
ئەمڕۆ
عارف حەمامی، پەرلەمانتاری شیعە دووپاتی كردەوە كە لە دانیشتنی سبەی پێنجشەمی پەرلەمان خوێندنەوەیەكی سەرەتایی بۆ بودجە دەكرێت، سەرەڕای بوونی ناڕەزایەتی لەبارەی ژمارەیەك لە بڕگەكان، كە ئەوەش حاڵەتێكی ئاسایی و دیموكراسییە و ئەگەری چارەسەربوونی هەیە، دەركردنی یاساكە زۆر ناخایەنێت، چونكە هەموو هێزە سیاسییەكانی ناو هاوپەیمانی بەڕێوەبردنی دەوڵەت و ئەوانەشی لە دەرەوەین كۆدەنگن و دەیانەوێت بودجەكە بێ كێشە تێپەڕ بكرێت.
لای خۆیەوە باقر ساعدی، پەرلەمانتار گوتی، ئەو بودجەیە لە بودجەی ساڵەكانیتر جیاوازە، بۆیە تێپەڕكردنی لە یەك دانیشتنی پەرلەمان كۆتایی نایەت و دانیشتنی زیاتری دەوێت، بەڵام هەموو هێزە سیاسییەكان سوورن لەسەر دوانەخستنی زیاتری پڕۆژەیاساكە بەهۆی كاریگەرییە نەرێنییەكانی لەسەر كاری حكوومەت و هاووڵاتییان، ئاشكرای كرد كە سعاتەكانی دوایی یەكلاكردنەوە و چارەسەركردنی چەند خاڵێكی ناكۆكی بەخۆیەوە بینی.
هەر لەو بارەوە توركی عەتەبی، سەركردە لە هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا ئاشكرای كرد كە گفتوگۆكانی نێوان چوارچێوەی هاوئاهەنگی و پارتی دیموكراتی كوردستان گەیشتووەتە چەند ئەنجامێكی گرنگ، دیارترینیان هەناردن و فرۆشتنی نەوتی كیڵگەكانی هەرێم لە ژێر سەرپەرشتی راستەوخۆی كۆمپانیای سۆمۆ دەبێت، پارەكەشی دەخرێتە ناو حیسابێكی بانكی بە سەرپەرشتی بانكی ناوەندی عێراقەوە.
روونی كردەوە، یەكلاكردنەوەی دۆسیەی هەناردن و فرۆشتنی نەوت، هەنگاوێكی گرنگ بوو و بووە هۆی پەلەكردن لە چارەسەركردنی بەشی زۆری ناكۆكییەكانی ناو بودجەی 2023، بۆیە ئەندامانی كورد ئامادەی دانیشتنی سبەی پەرلەمان بۆ دەنگدان لەسەر بودجە دەبن، بەتایبەتی كە هەموو ناكۆكییەكان لەناو پڕۆژەكە چارەسەر كراوە.
لای خۆیەوە داخیل رازی، پەرلەمانتاری سەر بە هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسای نووری مالیكی ئاشكرای كرد كە كۆدەنگییەك لەسەر تێپەڕاندنی پڕۆژەیاسای بودجە لە دانیشتنی سبەی پەرلەمانی عێراق هەیە، دووپاتی كردەوە كە ئێستە كەشوهەواكە بۆ دەركردنی یاساكە گونجاوە، بەتایبەتی كە دۆخی سیاسی بە ئاراستەی چارەسەربوونی تەنگژەكەیە پێوەست بە بڕگەكانی تایبەت بە هەرێمی كوردستان لە بودجە.
هاوكات ئەو پەرلەمانتارە بەدووری زانی چەند لایەنێك لە دژی تێپەڕاندنی یاساكە بن یان كێشە بۆ دانیشتنەكە دروست بكەن، چونكە هەموو ئەندامانی پەرلەمان لەگەڵ دەنگدانن، دووپاتی كردەوە كە كێشە سەرەكییەكان چارەسەریان بۆ كراوە و ئێستە لەبەردەم وادەی تێپەڕكردنی یاساكەین كە خزمەت بە وڵات دەكات و رێگە بە حكوومەت دەدات ئەركەكانی جێبەجێ بكات.
لای خۆیەوە سەباح سوبحی، ئەندامی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پەرلەمانی عێراق لە لێدوانێكی رۆژنامەوانی سەبارەت بە هەڵوێستی كورد و دانیشتنی سبەی پەرلەمان دەڵێت، سبەی دانیشتنی پەرلەمان بۆ دەنگدان لەسەر بودجەی گشتیی عێراق ساز دەكرێت، ئەمڕۆ كۆبوونەوەیەكی داخراوی هاوپەیمانی بەڕێوەبردنی دەوڵەت بەڕێوە چوو و گفتوگۆ لەبارەی گۆڕانكارییەكانی ناو پڕۆژەیاسای بودجە پێوەست بە هەرێمی كوردستان كرا، دووپاتی كردەوە كە گۆڕانكاری ریشەیی لەبارەی بڕگەكانی تایبەت بە هەرێمی كوردستان كراوە، كە لە بەرژەوەندی هەرێمن.