یەكەم وەجبەی حاجیان بۆ سعوودییە كەوتە ڕێ‌

:: AM:09:57:09/06/2023 ‌
بەڕێوەبەری گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی كوردستان رای دەگەیەنێت، ئەوانەی بۆ حەجی ئەمساڵ بە ئۆتۆمبێل دەچن، سێ‌ ڕۆژ پێشتر بەڕێدەكەون، بەیانی ئەمڕۆ یەكەم وەجبە كەوتە رێ‌.

لە هەرێمی كوردستان زیاتر لە چوار هەزار حاجی گەشتی حەج ئەنجام دەدەن، كاتی یەكەم گەشت بە فڕۆكە و بە ئۆتۆمبێل دیاری كراوە، تێچووی ئاسمانی و وشكانیش جیاوازە.

ئەمڕۆ هەینی نۆی حوزەیران، یەكەمین گەشتی حاجیان بۆ سعوودییە دەستی پێ‌ كرد، ئەو كەسانەش بە پاس ڕۆیشتن.

بەپێی وتەی بەرپرسانی بەرێوەبەرایەتی گشتی حەج و عومرەی كوردستان، ئەمساڵ بۆ یەكەمجار گەشتی حەج لەڕێی وشكانی هەیە، تێچووەكەشی كەمترە، بەڵام زووتر دەچنە بۆ گەشت.

ڕۆژی دووشەم 29ـی ئایار، شێخ نیاز راغب بەڕێوەبەری گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی كوردستان، بە "وشە"ـی راگەیاند، یەكەم گەشتی حاجیانی هەرێمی كوردستان لە نۆی حوزەیران لەڕێی وشكانی ئەنجام دەدرێت.

زیاتر گوتی، یەكەم گەشتی حاجیانی هەرێمی كوردستان لەڕێی ئاسمانی لە 12ـی حوزەیران ئەنجام دەدرێت، هەموو ئامادەكارییەكانیش كراون.

لە هەرێمی كوردستان وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئاینی، بە بڕی 330 هەزار دۆلار پاڵپشتی پرۆسەی حەجی ئەمساڵ دەكات، هەروەها بڕی پارەی تێچووی حەج كە بۆ هەر حاجییەك بۆ گەشتی ئاسمانی، چوار هەزار و 500 دۆلارە، بۆ گەشتی وشكانی سێ‌ هەزار و 800 دۆلارە.

28ـی حوزەیران وەك یەكەمین ڕۆژی جەژنی قوربان دیاری كراوە، حاجیان پێویستە بە 15 بۆ 20 ڕۆژ پێشتر لەوێ‌ بن، ئەوەیش بۆ ئەنجامدانی ئەركە ئاینییەكان.



وشە - رامیار جەواد