كۆبوونەوەكانی شاندی هەرێمی كوردستان و شاندی حكوومەتی ناوەندی بەردەوامە، پرسی ناردنی دوو مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان و دواین پێشهاتەكان باس كراوە.
شەوی رابردوو شاندێكی هەرێمی كوردستان گەیشتە بەغدا، یەكەمین كۆبوونەوەی لەگەڵ شاندی حكوومەتی عێراق دەست پێ كرد و تا سەعات دووی شەو كۆبوونەوەیان بەردەوام بوو.
ئەمڕۆ پێنجشەم 31ـی ئاب، بەپێی زانیارییەكانی "وشە" لە كۆبوونەوەكەدا شاندی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە تیمی حكوومەتی عێراقی گوتووە، سەرجەم پابەندییەكانی هەرێمی كوردستان بەپێی یاسا بووە، ئەو بڕە پارەیەی مانگانە بۆ مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان لە بەغداوە رەوانە دەكرێت، كەمترە لە بڕی پێویست بۆ مووچەی هەر مانگێك، چونكە مانگانە حكوومەتی هەرێمی كوردستان تەنیا بۆ مووچە پێویستی بە زیاتر لە 900 ملیار دینارە.
ئەوەیش زانراوە، ئەمڕۆ كۆبوونەوەكانی شاندی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ بەرپرسانی حكوومەتی عێراق بەردەوام دەبێت، بۆ ئەوەی لەسەر مووچە و بودجە بگەنە رێككەوتن، ئەوەیش بەپێی یاسای بودجە كە دیاری كراوە.
ماوەی دوو مانگە بەغدا كێشە بۆ پشكی هەرێمی كوردستان لە بودجە دروست دەكات و پارەی پێویست نانێرێت، ئەوەیش وایكردووە دابەشكردنی مووچە دوا بكەوێت.