"لە روانگەی ئیسلامەوە ئەم ستەمەی عێراق دەیكات گوناهە و رێگەپێنەدراوە"‎

:: PM:11:57:13/09/2023 ‌

ئەو ستەم و برسیكردن و سزادانەی كە حكوومەتی عێراق لە بەرانبەر بە گەلی كوردی دەكات، لە روانگەی ئاینی ئیسلامەوە تاوان و ستەمە و بە گوناهی گەورە هەژمار دەكرێت، مامۆستا و پسپۆڕانی ئاینی ئیسلام ئاماژە دەكەن كە ئەوەی لە لایەن بەغدا بەرانبەر بە هەرێمی كوردستان دەكرێت، لە روانگەی ئیسلامەوە ستەم و تاوانە، چونكە ناكرێ دەوڵەتێك تۆ بە بەشێك لە خۆی بزانێت و سیاسەتی برسیكردنت بەرانبەر پێڕەو بكات.

لەمبارەیەوە د. عەبدوڵا وەیسی، سەرۆكی یەكێتی زانایانی ئاینی ئیسلام لە كوردستان بە "وشە"ی راگەیاند، ئەوەی لە لایەن بەغداوە بەرانبەر بە هەرێمی كوردستان دەكرێت لە روانگەی ئیسلامەوە ستەم و تاوانە،چونكە ناكرێ دەوڵەتێك تۆ بە بەشێك لە خۆی بزانێت و سیاسەتی برسیكردن بەرانبەرت پێڕەو بكات.

روونی كردەوە، دواكەوتنی مووچەی فەرمانبەرانی كوردستان لە لایەن حكوومەتی عێراقەوە،  ستەمێكی گەورەیە و نابێ پرسی بودجە و مووچە و مافە یاسایی و دەستوورییەكانی خەڵكی كوردستان تێكەڵ بە ململانێی سیاسی بكرێت، بۆیە پێویستە حكوومەتی عێراق واز لە ئەزیەتدانی هاووڵاتییانی هەرێم بێنێت و ماف و شایستە داراییەكانی كوردستان بدات.

هەر لەمبارەیەوە د. عومەر رەنگێنەیی، مامۆستای كۆلێژی زانستە ئیسلامییەكان لە زانكۆی سلێمانی بە "وشە"ی گوت، برسیكردنی خە‌ڵكی كوردستان لە‌ لایە‌ن دە‌سە‌ڵاتدارانی بە‌غدا‌ شتێكی نوێ نییە،‌ كاتێك بەدرێژایی مێژووی عێراق لە‌دوای كۆتاهاتنی جە‌نگی یە‌كە‌می جیهانی و لكاندنی ویلایە‌تی مووسڵ و باشووری كوردستان لە‌‌ ساڵی 1922 بە‌و عێراقە‌ دروست كراوە‌وە‌، سیاسە‌تی برسیكردنی خە‌ڵكی كوردستان كە‌م تا زۆر هەر هە‌بووە، چونكە‌ لە‌و بڕیارە‌دا ئینگلیز و هاوئاهە‌نگە‌كانیان هیچ پرسێكیان بە‌ كورد نە‌كرد.

روونی كردەوە، لە هە‌مان كاتدا ئە‌و بە‌ڵێنانە‌ی لە‌ پە‌یمانی لۆزان درابوونە كورد بۆ راپرسی و سەربەخۆیی، لە‌ پە‌یماننامە‌ی سیڤە‌ردا لێی پاشگە‌ز بوونە‌وە‌ و بە‌ تە‌واوە‌تی باشووری كوردستان بە‌ عێراقە‌وە ‌لكێنرا، هۆكاری سە‌رە‌كیشی بوونی نە‌وت و سامانی سروشتی زۆر بوو لە‌ناو خاكی كوردستان، بێگومان ئە‌وە‌ش بۆ كورد خراپ شكایە‌وە‌ و پێی رازی نەبوون، بۆیە‌ هە‌ر لە‌و سە‌ردە‌مە‌وە‌ سیاسە‌تی برسیكردنی خە‌ڵكی كوردستان تا ئێستە بە‌ردە‌وام ‌بووە.

"سیاسەتی برسیكردن لە‌ سە‌ردە‌می بە‌عسدا زۆر پە‌رە‌ی پێ درا، لە‌دوای رووخانی رژێمی بە‌عسیش، دۆخێكی لە‌بار هاتە‌ ئاراوە‌ تا رادە‌یە‌ك ئە‌و سیاسە‌تی برسیكردنە‌ش نە‌ما، بە‌ڵام  ئێستە كە‌ لە‌ بە‌غدا جڵە‌وی راستە‌قینە‌ی حوكمڕانی بە‌ دە‌ستی كە‌سان و لایە‌نگە‌لێكی نادیموكرات و توندڕۆی تایفییە‌ و پرۆسە‌ی دیموكراتی لە‌ عێراق ناوە‌ڕۆكی خۆی لە‌دە‌ست داوە‌ و حوكمڕانانی راستە‌قینە‌ی عێراق و وڵاتانی دە‌وروبە‌رمان هە‌ر كامە‌ و لە ‌لای خۆیە‌وە‌ و لەسەر بنەمای‌ بە‌رژە‌وە‌ندیی خۆی لە بیری ئە‌وە‌دان قە‌وارە‌ی هە‌رێمی كورستان كە‌ لە ‌دە‌ستووری هە‌میشە‌یی عێراق ددان پێدا نراوە،‌ جارێكی تر لە‌ قاڵب بدەن و مافە‌ یاسایی دە‌ستوورییە‌كانی كورد پێشێل بكە‌ن و خە‌ڵكە‌كە‌ی ناچار بكە‌ن بە‌ وازهێنان لە‌ مافە‌كانی خۆیان"، د. عومەر رەنگێنەیی، مامۆستای كۆلێژی زانستە ئیسلامییەكان لە زانكۆی سلێمانی وای گوت.

دووپاتی كردەوە، ئە‌مە‌ بۆخۆی پیلانێكی داڕێژراوە‌ بۆ بێبەهاكردنی هە‌رێمی كوردستان لە‌ رووی یاساییەوە، ئەگینا فە‌رمانبە‌رانی هە‌رێمی كوردستان هە‌مان مافی فە‌رمانبە‌رانی عێراقیان هە‌یە ‌و  لە‌سە‌ر حكوومە‌تی عێراقی ئە‌ركە‌ بە‌ ناوی فیدراڵییەوەی مافە‌كانیان دابین بكات، چونكە‌ عێراق وەك دەوڵەت یە‌ك قە‌وارە‌ی یە‌كگرتوو و هاوبەشە، بە‌ڵام كاتێك ئە‌وە‌ ناكرێت، ستە‌مێكی گە‌ورە‌یە‌ لە‌ خە‌ڵكی هە‌رێم و فە‌رمانبە‌رانی دە‌كرێت، ستە‌میش بە‌ هە‌موو یاسا و رێسایە‌ك بە ‌تاوان دێتە‌ هە‌ژمار و لە‌ هە‌موو ئاینە‌كان و لە‌ ئیسلامیشدا سزای ئاسمانی و زە‌وینی هە‌یە، بۆیە‌ هە‌موو بە‌رپرسێك لە‌ هە‌ر شوێنێكی دنیا ستە‌م لە‌ هاووڵاتییانی خۆی بكات، لای خوا بە‌رپرسیارە‌ و جۆرێكە‌ لە‌ ستە‌مە گە‌ورەكان، چونكە ئێستە جیاوازی لە نێوان فەرمانبەران دەكرێ و وا سێ مانگە لە كوردستان مووچە نەدراوە، كەچی لە عێراقدا مووچە بەتەواوی دراوە، ئەوەش هەر ستەم و تاوانە و لە ئیسلامدا جێی نابێتەوە. 

"خە‌ڵكی كوردستان دە‌یان و سە‌تان مافی تریان بە‌سە‌ر حكوومە‌تی عێراقەوە هە‌یە‌، كە‌ تا ئێستە بە‌غدا گوێی خۆی لێ‌ داخستووە، وە‌ك قە‌رە‌بووی كە‌سوكاری ئە‌نفالكراوان و كیمیابارانكراوان و هە‌زاران گوند و شارۆكە‌ی وێرانكراو و دە‌یان هە‌زار شەهید و زیندانیكراو لە‌سێدارەدراو، كە‌ قە‌رە‌بووی ئە‌مانە‌ هە‌مووی لە‌سە‌ر حكوومە‌تی عێراقە،‌ كە وە‌ك قە‌وارە‌یە‌كی ستە‌مكار لە‌ رابردوودا ئە‌نجامی داوە‌، ئە‌و سە‌رە‌ڕای ئە‌وە‌ی كە‌ لە‌ 16 ئوكتۆبە‌ردا لە ناوچە‌كانی دە‌رە‌وی هە‌رێم سە‌تان تاوان بە‌رانبە‌ر خە‌ڵكی ئە‌و ناوچانە‌ ئە‌نجام درا، كە دیسان‌ ئە‌م دەستڕۆیشتووانەی عێراق گوێی خۆیان لێ خە‌واندووە‌ و بە‌ردە‌وام ستە‌می تر‌ بە‌رانبە‌ر خە‌ڵكی كوردستان دە‌كە‌ن، ئەمەش گوناهی گەورەیە و لە ئاینی ئیسلامدا رێگەپێنەدراوە و سزای قوڕسی هەیە.

جێی باسە حكوومەتی عێراق پڕۆژەیاسای بودجەی بۆ ماوەی سێ ساڵی داهاتوو پەسەند كردووە، حكوومەتی هەرێمی كوردستانیش هەموو پابەندییەكی بەرانبەر بەغدا ئەنجام داوە، كەچی بەغدا هیچ ئامادەییەكی تێدا نییە كە ماف و شایستە داراییەكانی هەرێم بنێرێت و هاووڵاتییانی كوردستان برسی دەكات.

سلێمانی/ ئاسان محەمەد



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل