راوێژكارێكی سەرۆك وەزیرانی عێراق بۆ كاروباری ئابووری رای دەگەیەنێت، گرانیی دۆلار و جێگیر نەبوونی، پێوەندی بە سنوورداركردنی حەواڵەی دۆلار هەیە، پێشبینیش دەكرێ لە چەند ڕۆژی داهاتووداا نرخی دۆلار دابەزێت.
مەزهەر محەمەد ساڵح ڕاوێژكاری دارایی سەرۆك وەزیرانی عێراق ڕای گەیاند، ئەو دەنگۆیانەی باس لە نەبوونی یەدەگی دراوی بیانی دەكەن لە عێراق راست نییە، عێراق ئەوەندە یەدەگی دراوی بیانیی هەیە كە بەشی پڕكردنەوەی پێداویستییەكانی بكات.
لەبارەی بەرزیی نرخی دۆلاریش دەڵێت، ئەو كێشەیەی عێراق بەدەستیەوە دەناڵێنێت، پێوەندیی بەسنوورداركردنی حەواڵەكردنی دراوەوە هەیە، نەك نەبوونی یەدەگەوە.
بە گوتەی ئەو راوێژكارەی سەرۆك وەزیرانی عێراق، پێشبینی دەكرێت لە ماوەی چەند ڕۆژی داهاتوودا نرخی دۆلار بەرانبەر دیناری عێراقی دابەزێت.
بەپێی یاسای بودجەی عێراق، نرخی 100 دۆلار بە 131 هەزار دینار جێگیر كراوە، پێویستە بە 132 هەزار دینار بگاتە دەستی هاووڵاتییان، بەڵام ئێستە 100 دۆلار لە بازاڕەكانی عێراق بە 155 هەزار دینار مامەڵەی پێوە دەكرێ.