لە دوو ساڵدا 19 بەشەخۆراك دابەش كراون

:: AM:11:59:16/09/2023 ‌
بەرپرسێكی وەزارەتی بازرگانی عێراق رای دەگەیەنێت، تەنگژەی خۆراك لەسەر عێراق زۆر كاریگەریی نەبووە، ئەوەیش بەهۆی دابەشكردنی بەردەوامی بەشەخۆراكی مانگانە.

ئەمڕۆ شەموو 16ـی ئەیلوول، موسەنا جەبار گوتەبێژی وەزارەتی بازرگانی عێراق رای گەیاند، عێراق كاریگەریی قەیرانی جیهانی بەسەرەوە نەبووە، ئەوەیش بەهۆی دابەشكردنی بەردەوامی خۆراكی مانگانە وایكردووە بەرزبوونەوەی نرخی خۆراك لە عێراق نەبێت.

باسی لەوەش كردووە، راستە لە دنیادا نرخی خۆراك رووی لە بەرزبوونەوە كردووە، بەڵام ئێستە دۆخەكە تا ئاستێك تێپەڕیوە، هەروەها پێشتر تەنگژەی گەنم و ئارد هەبوو ئەویش بەهۆی شەڕی ئۆكراینا، نرخی ئارد بەشێوەیەكی بەرچاو بەرز بووەوە، بەڵام عێراقییەكان هەستیان بە گەورەیی قەیرانەكە نەكرد، بەهۆی دابەشكردنی بەردەوامی سەبەتەی خۆراك و ئارد.

لەبارەی دابەشكردنی بەشەخۆراكی مانگانە و دواكەوتنی چەند مانگێك گوتی، بەرنامەی سەبەتەی خۆراك  جێگیرە، لە دوو ساڵی رابردوودا 19 سەبەتەی تەواو دابەش كراون، كە 11 سەبەتە لە ساڵی 2022، هەشت سەبەتەش ئەمساڵە، بەمەیش ساڵی رابردوو سەبەتەیەكی خۆراك دابەش نەكراوە.

"ئێستە كۆگەكانی عێراق لە سەرجەم پارێزگاكان پڕە لە خۆراك و ههچ كێشەیەك نییە، بۆیە ئێمە هیوامان هەیە حكوومەتی عێراق بەردەوام بێت لەو پاڵپشتییەی ئێستە هەیەتی"، گوتەبێژی وەزارەتی بازرگانی عێراق وای گوت.




وشە - رامیار جەواد