شارەزایان: هەركاتێك كورد یەك قسە بووبێت سەركەوتوو بووە

:: PM:08:56:16/09/2023 ‌

هەركات هەرێمی كوردستان یەكدەنگ و یەكڕیز بووبێت، چۆكی بە دوژمن و نەیارانی داوە و پیلانی دوژمنانی پووچەڵ كردووەتەوە، هەروەها دەستكەوتی گەورە بۆ خەڵك بەدەست هێنراوە و بەرگری لە مافەكان كراوە و دەستكەوتەكان پارێزراون، ئەوەش لە ئەنجامدا بۆ بەرژەوەندیی هاووڵاتییان بووە، بە پێچەوانەوە هەر كاتێك یەكڕیزی و كۆدەنگی نەبووبێت، دوژمن پیلانەكانی بەئاسانی بەرانبەر بە كورد و كوردستان جێبەجێ كردووە.

شارەزا و سیاسەتوانان باس لەوە دەكەن كە هاووڵاتییان یەكدەنگیی لایەنەكانیان پێویستە، دەیانەوێ مافەكانیان بۆ وەربگرن و لە بەرانبەر بەغدا بەرگری لە مافەكانیان بكەن، ئەوان پێیان وایە كوردستان بە بەردەوام ستەمی لێ كراوە، كاتێك حكوومەتە یەك لە دوای یەكەكانی عێراق دژی كورد بوون و ئامادە نەبوون دەستوور جێبەجێ بكەن، ئەمە جگە لەوەی دەستووریان پێشێل كردووە، بەڵام هەموو كات یەكدەنگیی كورد زامنی مانەوە و بەهێزبوون و خاڵی وەرچەرخان بووە بۆ كورد و كوردستان.

لەوبارەوە نازم هەركی، ئەندامی یەدەگی كۆمیتەی ناوەندی پارتی دیموكراتی كوردستان بە "وشە"ی راگەیاند، هەرێمی كوردستان سەركەوتنی زۆری بەدەست هێناوە، ئەو سەركەوتنانەش لە ئەنجامی هەڵگرتنی بەرپرسیاریەتی لە لایەن هێز و لایەنە سیاسییەكانی كوردستان بووە، پارتی هەمیشە داوای یەكڕیزی و یەكدەنگی كردووە، هەمیشە دەستپێشخەری كردووە بۆ ئەوەی پێوەندیی نێوان لایەنەكان باش بێ و ناوماڵی كورد رێك بێت، كەچی لایەنەكان هەمیشە دژایەتییان كردووە، ئەمەش ئەو خاڵەیە كە پارتی كردووەتە حزبێكی نیشتمانی و نەتەوەیی، بۆیە كوردستان هی هەمووان و بۆ ئەوانەیە كە پاڵپشتیی دەكەن و دەیپارێزن و دژایەتیی ناكەن و پیلان دژی ناگێڕن.

باسی لەوەش كرد، یەكڕیزی و كۆدەنگیی لایەنەكان خاڵی بەهێزی متمانەی هاووڵاتییانە بە وڵاتی خۆیان، لەسەر لایەنەكان پێویستە كار بۆ پاراستنی دەستكەوتەكان و بەرگری لە مافی و پارێزگاری لە كوردستان بكەن، هەركات لایەنەكان وەك پارتی ئەوەیان جێبەجێ كردبێت، ئەوە كوردستان بەهێز بووە و دوژمن و نەیارانی كوردیش نەیانتوانیوە پیلانی خۆیان و دەستە چەپەڵەكەیان بۆ تێكدانی كوردستان و نەمانی ئارامی و سەقامگیری ناوچەكە بەكاربێنن، بۆیە هاووڵاتییان خزمەتكردنیان دەوێت، ئەوەش بە یەكگوتاری دەكرێت، سەرۆك بارزانیش لەو پێناوەدا هەمیشە داوای كردووە هێزەكان یەكڕیز بن و پێكەوە بن.

لای خۆیەوە سەرباز خۆشناو، ئەندامی سەركردایەتی بزووتنەوەی ئیسلامی بە "وشە"ی گوت، كورد كاتێك بەهێزە كە بەرانبەر هەر لایەن و وڵاتێك ناوماڵی خۆیان رێكخستبێت، هەموو یەكڕەنگ و یەك گوتار بن بۆ بەرگری لەو ستەمەی كە لە هەر لایەكەوە بكرێتە سەر هەرێمی كوردستان و میلەتی كورد، بەڵام پەرتەوازەیی ناوماڵی كورد هەمیشە زیانی گەورەی بە كورد گەیاندووە و كاریگەرییە خراپەكانی بەخێرایی دەركەوتوون، هەمووان هەستیان پێی كردووە و هاووڵاتییان و كوردستانیش زەرەرمەندی یەكەم بوون و لایەنەكانیش ئەوەیان زانیوە.

روونی كردەوە، هەركاتێك پەرتەوازەیی هەبێت، لایەنی بەرانبەر زیاتر سزات دەدات و دەسەڵاتی خۆی و بڕیارەكانی بەسەرتدا دەسەپێنێت، گوشاری زۆر دەكەن تا قەوارەی هەرێم دەسەڵاتی نەمێنێت و كاریگەری لاواز بێت، بۆیە باشترین شت ئەوەیە هێزە سیاسییەكان یەكدەنگ و هەڵوێستیان یەك بێت و كاری پێكەوەیی بكەن، یەك قسە و بڕیار لەسەر هەر شتێك بدەن كە پێوەندی بە كوردستانەوە هەبێت، ئەوكات لایەنی بەرانبەر جا بەغدا یان هەر لایەكی تر بێت، ناتوانێت قسە و دەسەڵاتی خۆی بسەپێنێت.

پێوەست بەو پرسە ئارام عەدنان، چاودێری سیاسی بە "وشە"ی راگەیاند، خاڵی هەرە بەهێزی كوردستان لە هەر پرس و بابەتێكدا، یەكبوونی لایەنەكان و گەڕانەوەیە بۆ یەكڕایی، كە ئەوە قەڵغانی بەهێزی كوردستان بووە، مێژووش ئەوەی سەلماندووە كەی كورد یەك قسە بووبێت، قسەی سەركەوتووە بەسەر هەر هەڕەشە و پیلانێك كە بۆی دانرابێت، ئەوەش روونە لایەنەكان دەبێت بیركردنەوەی نیشتمانی و نەتەوەییان هەبێت، بۆیە ئەگەر ئەو كوردستانە هەر گرفت و كێشەیەكی بۆ دروست بێت لایەنەكان زیانمەند دەبن، خەڵك بێزار دەبێت، دواجاریش خەڵك ناڕەزایەتی دەردەبڕێت، هەركاتێكیش پێكەوە بوون، خەڵكیش زیاتر جۆش و خرۆشی هەبووە و كەمتر ناڕەزایەتی دەربڕیوە.

وشە/ تایبەت



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل