ناتۆ: خۆتان بۆ جه‌نگێكی ماوه‌درێژ ئاماده‌ بكه‌ن

:: AM:10:50:17/09/2023 ‌
ئه‌مینداری گشتیی ناتۆ له‌ دیمانه‌یه‌كدا كه‌ ئه‌مڕۆ بڵاو بووه‌ته‌وه‌ و رای گه‌یاندووه‌، شتێك نییه‌ به‌ناوی كۆتاهاتنی خێرای جه‌نگی ئۆكراینا و ئه‌و جه‌نگه‌ درێژه‌ ده‌كێشێت، به‌تایبه‌تی كه‌ ئۆكراینا ده‌ستی به‌ دژه‌هێرش له‌ دژی رووسیا كردووه‌.

پێگه‌ی "ئیلاف" ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌م 17ی ئه‌یلوول بڵاوی كردووه‌ته‌وه‌، ینس ستۆلتنبرگ ئه‌مینداری گشتیی ناتۆ له‌ دیمانه‌یه‌كی كۆمه‌ڵه‌ی "ڤۆنكه‌"ی راگه‌یاندنی ئه‌ڵمانی كه‌ ئه‌مڕۆ بڵاو كراوه‌ته‌وه‌، رای گه‌یاندووه‌ كه‌ زۆربه‌ی جه‌نگه‌كان كه‌ بۆ یه‌كه‌مین جار به‌رپا ده‌بن، زیاتر درێژه‌ ده‌كێشن، بۆیه‌ بۆ جه‌نگی ئۆكراینا پێویسته‌ خۆمان بۆ جه‌نگێكی ماوه‌درێژ ئاماده‌ بكه‌ین.

له‌ حوزه‌یرانی رابردووه‌وه‌ كێیڤ ده‌ستی به‌ دژه‌هێرش كردووه‌، تا بتوانێ ئه‌و ناوچانه‌ی رووسیا داگیری كردوون، رزگاریان بكات، به‌ڵام ئه‌مینداری گشتیی ناتۆ ده‌ڵێ ئه‌وه‌ی ئۆكراینا به‌ ده‌ستی هێناوه‌، زۆر سنوورداره‌ و هێرشه‌كانی خاون.

زیاتر ده‌ڵێ، هه‌موومان هیوای ئاشتییه‌كی خێرا ده‌خوازین، به‌ڵام له‌ هه‌مان كاتیشدا ئه‌وه‌ ده‌بینین ئه‌گه‌ر ڤۆڵۆدیمێر زیلینسكی سه‌رۆكی ئۆكراینا و ئۆكراینییه‌كان شه‌ڕه‌كه‌ رابوه‌ستێنن چه‌كه‌كانیان بێده‌نگ بكه‌ن، ئه‌وكات ئۆكراینا به‌یه‌كجاری نامێنێت و له‌ناو ده‌چێت.

ئه‌وه‌شی گوت كه‌ ئه‌كه‌ر ڤلادیمێر پوتین و رووسییه‌كان چه‌كه‌كانیان بوه‌ستێنن، ئه‌وكات چاوه‌ڕێی ئاشتی ده‌كه‌ین.

له‌باره‌ی ئه‌وه‌ی به‌پێی ویسته‌كانی ئۆكراینا بۆ ئه‌وه‌ی ببێته‌ ئه‌ندامی ناتۆ، ئه‌مینداری ناتۆ گوتی، هیچ گومانمان له‌وه‌ نییه‌ كه‌ له‌ كۆتادا ئۆكراینا ده‌بێته‌ ئه‌ندامی ناتۆ.

جه‌نگی رووسیا له‌ دژی ئۆكراینا كه‌ له‌ 24ی شوباتی 2022 ده‌ستی پێ كرد، به‌هۆیه‌وه‌ هه‌زاران كوژراو و برینداری له‌ هه‌ردوولا لێ كه‌وتووه‌ته‌وه‌، به‌هۆیه‌وه‌ ملیۆنان ئۆكراینیش ئاواره‌ بوون و شوێنه‌كانیان به‌ره‌و وڵاتانی ئه‌وروپا جێهێشتووه‌. هاوكات ئه‌مه‌ریكا و وڵاتانی رۆژئاوا سزای ئابووریی توندیان به‌سه‌ر رووسیادا سه‌پاندووه‌ و له‌ هه‌مان كاتیشدا به‌ چه‌ك و كه‌لوپه‌لی سه‌ربازی و دارایی، پاڵپشتیی ئۆكراینا ده‌كه‌ن.



وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د