زانیارییه‌كی گرنگ بۆ ئه‌و ئافره‌تانه‌ی هیچ كێشه‌یه‌كیان نییه‌ و دووگیان نابن

:: PM:02:12:18/09/2023 ‌
به‌مدواییه‌ كێشه‌ی دووگیان نه‌بوون لای زۆر له‌ ئافره‌تان سه‌ری هه‌ڵداوه‌، سه‌ره‌ڕای نه‌بوونی هیچ كێشه‌یه‌كی ته‌ندروستی له‌ ئافره‌ته‌كه‌، به‌ڵام دووگیان نابێت. له‌مباره‌یه‌وه‌ پزیشكێك ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌دات كه‌ به‌رزیی هۆرمۆنی پرۆلاكتین هۆكارێكی سه‌ره‌كییه‌ بۆ دووگیان نه‌بوون.

د. سۆزان جه‌لال مه‌حموود پزیشكی نه‌خۆشییه‌كانی ژنان و منداڵبوون و نه‌زۆكی، له‌ ئه‌كاونتی تایبه‌تی خۆی له‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تیی فه‌یسبووك ئاماژه‌ی به‌وه‌ دا، پرۆلاكتین هۆرمۆنێكه‌ له‌ش دروستی ده‌كات و ده‌بێته‌ هۆی گه‌شه‌كردن و گه‌وره‌بوونی مه‌مك و هانی دروستبوونی شیر ده‌دات دوای منداڵبوون، به‌ شێوه‌یه‌كی سروشتی بڕێكی كه‌م له‌ پرۆلاكتین هه‌یه‌ له‌ له‌شدا، به‌ڵام له‌ ئافره‌تاندا له‌ ماوه‌ی دووگیانی ڕێژه‌كه‌ی به‌رز ده‌بێته‌وه‌ و تا دوای منداڵبوونیش هه‌ر به‌رده‌وام ده‌بێت تا شیر دروست ببێت.

هۆكاره‌ باوه‌كانی به‌رزی ئه‌و هۆڕمۆنه‌ له‌ ئافره‌تاندا قه‌له‌قیە

 له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌شدا ئه‌م هۆرمۆنه‌ یارمه‌تیده‌ره‌ له‌ ڕێكخستنی سوڕی مانگانه‌ له‌ ئافره‌تاندا و كار له‌ دروستكردنی تۆو ده‌كات له‌ پیاواندا.

دكتۆر سۆزان باسی له‌وه‌ كرد، كاتێك ڕێژه‌ی پرۆلاكتین به‌شێوه‌یه‌كی ناسروشتی و له‌ كاتی ئاساییدا به‌رز ده‌بێته‌وه‌، كێشه‌ دروست ده‌كات، وه‌ك كێشه‌كانی منداڵ نه‌بوون له‌ ئافره‌تاندا یا بوونی شیر له‌ مه‌مك له‌كاتێكدا كه‌ دووگیان نیت، هه‌روه‌ها ڕێژه‌ی هۆرمۆنه‌كانی تر ده‌گۆڕێت و ڕه‌نگه‌ سوڕی مانگانه‌ تێكبدات.

یه‌كێك له‌ هۆكاره‌ باوه‌كانی به‌رزی ئه‌و هۆڕمۆنه‌ له‌ ئافره‌تاندا قه‌له‌قی و دڵه‌ڕاوكێیه‌، كه‌ له‌ ئه‌نجامدا ده‌بێته‌ هۆی تێكچوونی هۆرمۆنه‌كانی تری ئافره‌ته‌كه‌ و دووگیان نه‌بوون.

هه‌روه‌ها له‌ پیاواندا ده‌بێته‌ كه‌مبوونه‌وه‌ی هه‌ستی سێكسی و منداڵ نه‌بوون و چه‌ندان كێشه‌ی تریش.

نیشانه‌كانی به‌رزی هۆرمۆنی پرۆلاكتین له‌ ئافره‌تاندا:
-سه‌رئێشه‌، تێكچوونی بینایی، بوونی شیر له‌ كاتێكدا دووگیان نیت یا شیر ناده‌یت، قورسبوون و ئازار له‌ مه‌مك.
-ئازار و ناڕه‌حه‌تی له‌ كاتی جووتبوون، زیادبوونی مووی له‌ش و ده‌موچاو، زیپكه‌ی ده‌موچاو، كێشه‌ی منداڵبوون، ناڕێكی یا وه‌ستاندنی سوڕی مانگانه‌ و وشكبوونه‌وه‌ی دامێن.

چه‌ند ڕێیه‌ك یارمه‌تیده‌ره‌ له‌ كه‌مكردنه‌وه‌ی ڕێژه‌ی پڕۆلاكتین

 گۆڕینی شێوازی خواردن و خوادنه‌كانت

كه‌مكردنه‌وه‌ی دڵه‌ڕاوكێ

وازهێنان له‌و وه‌رزشانه‌ی كه‌ هێز و وزه‌یه‌كی زۆریان ده‌وێت و ماندووت ده‌كه‌ن.

به‌كارنه‌هێنانی ئه‌و جلوبه‌رگانه‌ی كه‌ سنگت ده‌گوشن و ناڕه‌حه‌تت ده‌كه‌ن.

وازهێنان له‌و چالاكییانه‌ی كه‌ گۆی مه‌مك زۆر ده‌ورووژێنن.

ده‌توانی ڤیتامین B6 و E به‌ حه‌ب وه‌ربگریت.
          



وشە - كەژاڵ كەمال