ئەو كاتەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان داهاتی نەوت لەژێر دەستی خۆیدا بوو، خاوەن ئابوورییەكی سەربەخۆ بوو، لەكاتی خۆیدا مووچە دابەش دەكرا و كاتی دابەشكردنی مووچەش دیار بوو، بەڵام بەهۆی ئەوەی ئێستە لە بەغداوە پارە رەوانە دەكرێت، هێشتا دیار نییە كەی پارە دەنێرێ و دەست بە دابەشكردنی دەكرێت و هەمووان چاوەڕوانن.
گەڕانەوە بۆ بەغدا و نەبوونی داهات لەژێر دەستی حكوومەتی هەرێم وای كردووە فەرمانبەرانی هەرێم چاویان لە دەستی بەغدا بێت تا مووچە بنێرێت و دابەش بكرێت، ئەوەش یەكێكە لە خراپییەكانی نەبوونی ئابووری سەربەخۆ، ئەوانەی پێشتر دەهۆڵی خۆشیان بۆ بەغدا دەكوتی و دەیانگوت بەغدا مووچەی فەرمانبەران دوا ناخات، ئێستە چاویان لەوەیە حكوومەت مووچە بدا و هیوایان بە حكوومەت هەیە، ئەوەش ئاشكرابوو كە ئەوەی لە ماوەی چوار مانگی رابردوو بەغدا بەرانبەر بە مووچەی فەرمانبەرانی كرد، حكوومەتی هەرێم لە چوار ساڵی رابردوو نەیكردووە.
لەو بارەوە ناسر ئیسماعیل، شارەزای ئابووری بە "وشە"ی گوت، هەر كەس و لایەن و وڵاتێك خاوەنی ئابووری خۆی نەبێت، هیچ كات ناتوانێت گەشە بكا و كاری باش بكات و خزمەتی خەڵكەكەی خۆی بكات، ئەمە بۆ هەرێمیش زۆر گونجاو بوو، ئەوكاتەی هەرێم خاوەن ئابووریی سەربەخۆ بوو، پێشكەوتنی زۆرباش رووی دا، هەرێم هەنگاوی گەورەی لە هەموو كەرتەكان و گەشەی ئابووری و ژێرخانی ئابووری نا، هەموو كەرتە خزمەتگوزارییەكان بووژانەوە، حكوومەت هەموو شتێكی خستبووە خزمەتی خەڵك، بۆیە نەمانی ئەو ئابوورییە سەربەخۆیە، واتە نەمانی هەموو ئەوانەی سەرەوە، چونكە ئێستە هەرێم دەبێت چاوەڕێی ئەو پارەیە بكات كە بەغدا دەینێرێت تا مووچە دابەش بكا و پڕۆژە و خزمەتگوزاری بكات، بۆیە خاڵی بەهێزی ئابووری سەربەخۆ ئەوەیە تۆ خاوەنی خۆتی و كەس لە بری تۆ بڕیار نادات.
ئەو شارەزایە باسی لەوەش كرد، زۆر روونە بەغدا هیچ دڵسۆزییەكی بۆ هەرێم و خەڵكی كوردستان نییە، ئەوان بە ئاشكرا دەیانەوێ هەرێم لاواز بكەن و كورد نەمێنێت، ئێستە ئەوەیان لێ چاوەڕێ ناكرێت كە پارەیەكی باش بۆ هەرێم بنێرن و ناوچەكە ببوژێننەوە، سێ مانگە لای بەغداین مووچە بەجۆرێك دواكەوتووە كە نازانین كەی دابەش دەكرێت و مانگی چەندە، بۆیە هەموو ئەوە چەپڵەكوتانە بۆ ئەوە بوو، كە بەغدایان لێ كردین بە شامی شەریف، ئێستەش خۆیان بێدەنگ كردووە و تەنیا بە شەرمەوە دەڵێن دەبێت بەغدا پارە بنێرێت، كە كار لە دەبێت نەماوە، چونكە بەغدا كار بە یاسا و رێككەوتن ناكا و ئێستە قسەی ئەوانە كە بەس قسە ئەكەن.
لای خۆیەوە كاروان یووسف، فەرمانبەر بۆ "وشە" ئاماژە دەكات، پێشتر كە داهات لەژێر دەستی حكوومەتی هەرێمی كوردستاندا بوو، كاتی دابەشكردنی مووچە دیار بوو و فەرمانبەر لە سەرەتای مانگەوە كاتی مووچەی دەزانی و بە دوو هەفتە دابەشكردن كۆتایی دەهات، پێشینەی پلان و خەرجكردنی پارە لە لایەن حكوومەتەوە سەرەتا مووچەی فەرمانبەران بوو، دواتریش ئەوەی دەمایەوە بۆ پڕۆژە و خزمەتگوزاری خەرج دەكرا.
دووپاتی كردەوە، زۆر لە فەرمانبەران وایان دەبینی ئەگەر سەر بە بەغدا بن و لەوێوە مووچە بێت، مانگانە بەغدا هەرێم پڕ لە پارە دەكات، بەڵام بە سێ مانگ بۆ هەمووان دەركەوت كە خاوەنی خۆت بیت باشترە نەك بەغدا و هیچكەسی تر.
پێوەست بەو بابتە سەعید هەركی، ئەندامی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان بە "وشە"ی راگەیاند، زۆر لە پەرلەمانتار و حزبەكانیش شاگەشكە بووبوون و وەك دەستكەوتێكی گرنگ باسیان دەكرد، ئەوەیان دەگوت كە چیتر مووچەی هەرێم دوا ناكەوێت، بەڵام چوار مانگە بەهۆی بەغداوە لە هەرێم مووچە دوا دەكەوێت، سێ مووچەیان نەداوە و لە وادەی خۆی دابەش نەكراوە، بەغدا دڵسۆزی خەڵكی خۆی نییە چۆن دەبێت بیر لەوە بكەینەوە كە دڵسۆز و خەمخۆری خەڵكی كوردستان بێت، ئەوەتا لە رووی خزمەتگوزارییەوە سەیر بكەن دەزانن بەغدا لە چ ئاستێكدایە، لە كاتێكدا حكوومەتە یەك لەدوای یەكەكان لە ماوەی سەتەكانی رابردووش، دژایەتیی هەرێمیان كردووە و پێوەندیی خراپ لە نێوان هەرێم و بەغدا هەبووە.
ئەو پەرلەمانتارە دووپاتی كردەوە، ئەگەر یەكڕیزی هەبوایە، بەغدا نەیدەتوانی بەو جۆرە مامەڵە لەگەڵ هەرێمدا بكات و كورد دەبوو بە بەهێزی لەگەڵ عێراق دەربكەوێت، كێشە و گرفتی هەرێم لەگەڵ بەغدا زۆر لە مووچە و بودجە گەورەترە، ئێستە ئێمە چاومان لەوەیە بەغدا پارەمان بۆ بنێرێت، كەچی كورد كێشەی نەتەوە و خاكی هەیە، بۆیە ئەگەر ئەوانە بەردەوام بن كێشەی مووچەش بەردەام دەبێت، زۆرێك چەواشەكارییان كرد و موزایەدەیان بەسەر خەڵكەوە كرد و بەغدایان بە باشتر دەزانی لە حكوومەتی هەرێم، بەڵام ئێستە بۆیان دەركەوت كێ باشترە، داهات لە دەستی حكوومەت بوایە هەرگیز مووچە دوانەدەكەوت، چونكە حكوومەت لە سەرەتای مانگەوە دەستی بە دابەشكردنی مووچە دەكرد.
وشە/ تایبەت