پیاوێك دوای 22 ساڵ زیندانیی له‌ رۆژی ئازادكردنی له‌ گرتووخانه‌ هه‌ڵهات

:: AM:11:49:23/09/2023 ‌
له‌ ڕووداوێكی سه‌یردا له‌ شاری ئیركوتسك، پیاوێكی ڕووسی له‌و ڕۆژه‌ی كه‌ دادگا بڕیاری ده‌دا بۆ ئازادكردنی و  ته‌واوكردنی ماوه‌ی سزاكه‌ی، له‌ گرتووخانه‌ هه‌ڵهات كه‌ بۆ ماوه‌ی 22 ساڵ زیندانی كرابوو.

ئه‌مڕۆ شه‌موو 23ی ئه‌یلوول، به‌گوێره‌ی ماڵپه‌ڕی "سكای نوز"  پیاوێكی ڕووسی به‌ ناوی كامۆڵگۆن كالۆنۆڤ له‌ ڕۆژی ئازادكردنی، له‌ گرتووخانه‌ هه‌ڵهات كه‌ چه‌ندان تاوانی گه‌وره‌ی ئه‌نجام دابوو، به‌وهۆیه‌وه‌ سزای 22 ساڵ زیندانی به‌سه‌ردا سه‌پێنرابوو. 

ئه‌و تۆمه‌تانه‌ی كه‌ له‌سه‌ر كالۆنۆڤ سه‌لمێنرابوو، بریتی بوون له‌ كوشتن و دزی و هه‌ڵگرتنی چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نی. دوای ته‌واوكردنی ماوه‌ی سزاكه‌ی، بڕیار بوو هه‌فته‌ی ڕابردوو له‌ گرتووخانه‌یه‌كی گوندی ماركۆڤای نزیك شاری ئیركوتسك ئازاد بكرێت.

به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی هه‌رێمی فه‌رمانگه‌ی زیندانیانی فیدراڵی، ئاژانسی هه‌واڵی نۆڤۆستی ئاگادار كرده‌وه‌ كه‌ كالۆنۆڤ به‌یانیی ئه‌و ڕۆژه‌ی كه‌ بڕیار بوو ئازاد بكرێت، نزیكه‌ی سه‌عات چواری به‌یانی دیار نه‌ماوه‌.

یه‌كه‌مجار كالۆنۆڤ به‌ پلاندانان بۆ "رێكخراوێكی تاوانكاری" سزا درا و له‌ ساڵی 1997 له‌ گرتووخانه‌ ئازاد كرا، له‌ ساڵی 2001 جارێكی تر سزا درا و بۆ ماوه‌ی 22 ساڵ زیندانی كرا.



وشە - كەژاڵ كەمال